ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بەردەوام لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژاندام تاوەکو دەست کەوتنی مافە زەوت کراوەکانیان .
سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، لەسەرشەقام و لەناوهۆڵی پەرلەمان هەر لەگەڵتاندام تا مافە زەوتکراوەکانتان وەردەگرنەوە.
بەشداربووم لەخۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجە و سیدسادق، ئەوان داوای شتێکی مستحیل ناکەن ئەوان ستەملێکراوترین چینی ئەم کۆمەڵگەیەن و داوای دامەزراندن دەکەن کە مافی خۆیانە لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی سێکتەری پەروەردەی دەکەن، ئەوان بندیوارنین، ئەوان نزیکی 21 هەزار مامۆستان کە لە سەرتاسەری هەرێم وانە دەڵێنەوە و کارەکانیان هیچی لە کاری مامۆستای میلاک کەمتر نییە و هەرئەوانیشن %20 ی میلاکیان پڕکردۆتەوە و بایکۆتی ئەوان گرفتێکی گەورە لە پرۆسەی خوێندندا دروست دەکات .
ئەوپەرلەمانتارە وتیشی، ئێمە ئیمزای 43 پەرلەمانتارمان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان کە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان سازبکرێت لەسەر یەکلایی کردنەوەی پرسی مامۆستایانی وانەبێژو جەختیش لەسەر داواکارییەکەمان دەکەینەوەو کۆڵنادەین و فشارەکان چڕتر دەکەینەوە تایەکلایی بوونەوەی کەیسی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی مافەزەوتکراوەکانیان و هەرچیمان پێبکرێت دەیکەین و درێغی ناکەین و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەمیشە پشتیوانی مامۆستایانی وانەبێژ دەبین.
سازدانی - کامەران سەیدکەریم