مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەمانگی شوباتی ئەمساڵ هاوڵاتییەك لەناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ كوژراو بكوژەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات، بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبار (م، ن، ك) دەركرد.
بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە سەرجەم بەش و بنكەكانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار.
دوای لێكۆڵینەوەكان، توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە كە لەگەڕەكێكی شاری سلێمانی خۆی حەشار دابوو، توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت و لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان، تۆمەتبار ڕادەستی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ دەكرێتەوە.
کامەران سەیدکەریم