وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنانی ئێران و سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ زایەڵە، جەختی کردە سەر گرینگیی هاوکاریی دوولایەنە و پشتگیریی وەزارەتەکەی لە پڕۆژەی هاوبەش.
حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری زایەڵە، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنانی ئێران و سلێمانی، وتی: ئێمە وەکوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرکونسوڵگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و سلێمانی دەبێ پێکەوە کاری هاوبەش ئەنجام بدەین لە پێناو تێکەڵکردنی کەلتوورەکان و ناسینی کەلتوورەکان بە یەک و لەو بوارەشدا هەنگاوی سەرەتاییمان ناوە کە کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنانی ئێران و سلێمانی یەکێک لەو کارانەیە بۆ تێکەڵ کردن و ناساندنی کەلتوورەکان.
حەمەی حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش دا: ئێمە وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتگیریی کارە هاوبەشەکان دەکەین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر کەسێک لەو بوارەدا کار و چالاکی ببێت، بە هەموو تواناوە پشتیوانی و پشتگیریی دەکەین.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە لە هاوکارییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا گرینگی بە هەموو بوارەکان لە کتێب، هونەری دەستی، ئەدەب، شانۆ و سینەما و دیکەی بوارەکەن دەدەن.
حەمەی حەمە سەعید ڕاشیگەیاند وەکوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەپێی توانا، پشتگیریی مادی و مەعنەویی چالاکی و کاری هاوبەش لەگەڵ ئێران دەکەن.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەی بۆ زایەڵە، داوای لە ناوەند ڕۆشنبیری و کەلتوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە هەنگاو بنێین بۆ یەکتربینین و یەکترناسین و دەستبکەن بە کار و پڕۆژەی هاوبەش بەو پێیەی هەرێمی کوردستان و ئێران لە بواری کەلتووریدا ڕابردوویێکی هاوبەش و دوور و درێژیان هەیە و کەلتوورەکەشیان نێزیکن بە یەکەوە و تێکەڵ بوونی کەلتوورەکان پێکەوە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی بوارەکانی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری لە هەر دوو لا.