سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان ئاشكرایده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستكاری ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئێمه‌ نیه‌ .

به‌پێی ڕاپۆرتی زایه‌ڵه‌، شوان ڕابه‌ر  ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای  كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان له‌وتووێژی له‌گه‌ڵ په‌یامنێری زایه‌ڵه‌  ڕایگه‌یاند ، ئه‌م ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئێمه‌ و چه‌ندان حیزبی تر نیه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق ، به‌تایبه‌ت بۆ كۆمه‌ڵ له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌زانن كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌گه‌شه‌كردندایه‌ .

وتیشی، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری خاوه‌نی هه‌ڵوێست و ئه‌دایه‌كی جوانه‌ قوربانی زۆری داوه‌ كه‌چی  كورسی كه‌مكردووه‌ ، بۆیه‌ من پێم وایه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌ستكاری ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كراوه‌، چه‌ندان لایه‌نی تریش دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ده‌ستكاری كراوه‌ بۆیه‌ نه‌یانتوانی زوو نه‌تیجه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نن .

ڕونیشیكرده‌وه‌، تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ هه‌ربۆیه‌ حكومه‌ت پێك ناهێنرێت  ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مانی نوێ كۆده‌بێته‌وه‌  گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی ڕاده‌سپێردرێت ، به‌هه‌ر حاڵ له‌ئێستاوه‌ هه‌ندێ لایه‌نی عێراقی هه‌وڵی پێك هێنانی هاوپه‌یمانی و یه‌ك كوتله‌یی و دروست كردنی حكومه‌ت ده‌ده‌ن .به‌بێ پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌و نه‌تیجه‌ ئاڵۆزه‌ .

باسی له‌وه‌شكرد ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك حیزبی شیعه‌ ڕازی نین ئه‌گه‌ر كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ پێك بهێنن به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وریان له‌په‌رله‌مان و له‌حكومه‌ت پێك بێنن دڵیان ئاو بخواته‌وه‌ نه‌خاسمه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كوتله‌ و حیزبانه‌ی كه‌خاوه‌ن هێزن هه‌ر ڕازی نه‌بن بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ حكومه‌ت به‌زه‌حمه‌ت له‌دایك ببێ یاخود دوا بكه‌وێت یاشه‌ڕو ئاژاوه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌ یان خۆپیشاندان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌ یاخود په‌نا ببرێته‌ به‌ر هێزی چه‌كدار یان بارودۆخی عێراق ئاڵۆز بێ هه‌موو ئه‌مانه‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ن له‌به‌رده‌م حكومه‌ت .

سازدانی – كامه‌ران سه‌ید كه‌ریم