ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان  ئاشکرایدەکات، نزیكەی ٢ مانگە پەرلەمانی كوردستان تەنها یەك دانیشتنی ئەنجام داوە و بە دیاریكراوی یەك مانگ و ١٨ ڕۆژە كۆنەبۆتەوە و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بێدەنگن.
سەرکۆ  ئازاد  گەڵاڵی  ئەندامی  پەرلەمانی کوردستان  لە وتوێژی  لەگەڵ  پەیامنێری زایەڵە ڕایگایاند،  لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان چەند یاداشتێكمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و داوامان كردووە پەرلەمان لەسەر كێشەی بەنزین و غاز و نەوتی سپی كۆببێتەوە، بەڵام تائێستا بێ ئەنجامە و وادیارە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەنیاز نین لەم كاتەدا و لەو هەموو كێشە زۆرەی خەڵكدا بانگێشتمان و بكەن و كۆببینەوە.
وتیشی،  بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمان دەبێت لەوكاتانەی كە بابەتێكی گرنگ هەیەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ژیانی خەڵكەوە ئەوا پەرلەمان لە زووترین كاتدا لەسەر ئەوبابەتانە كۆدەبێتەوەو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات .بەڵام دیارە بەئاشكرا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پەیڕەو پێشێل دەكەن.
ڕونیشیکردەوە، بەداخەوە یان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەمەبەست نایانەوێت پەرلەمان كۆببێتەوە و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی ببینێت یان ئاگایان لە ژیان و گوزەرانی خەڵك نیە یان پێیان وایە پەرلەمان بێدەسەڵاتە و ناتوانێ بڕیاری پێویست بدات، بەداخەوە دەستێك هەیە دەیەوێت پەرلەمان بێ ڕۆڵ بكات و كەی خۆیان ویستیان و ئیشیان بە پەرلەمان بوو دەرگاكەی دەكەنەوە و كەیش كاریان پێی نەما دەرگاكەی دادەخەن.
باسی  لەوەشکرد،  بۆیە تا ئێوە ئاوا مامەڵە لەگەڵ دەنگی خەڵك بكەن ئەوانیش ئاوا سزاتان دەدەن و بایكۆتتان دەكەن، ئەگەر ئێوە ئاواتان لەم دەزگا هەستیارە نەكردایە ئەوا خەڵك متمانەی بە دەنگدان لە دەست نەئەدا و لەسەدا ٦٠ خەڵك بایكۆتی دەنگدانی نەدەكرد كە پێم وایە بەشێكی سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆی  دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان  و ئەوانەی پەرلەمان وەك دەزگایەك دەبینین بۆ بەیاسایی كردنی پێویستیەكانی خۆیان.
هێمای  بەوەشکرد،  لێرەوە داوا لە هەموو هاوكارەكانم دەكەم لە پەرلەمان چی دیكە بێدەنگ نەبین  و پێكەوە فشارێكی جدی بكەین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و بەدواداچوون بۆ كێشەكانی هاوڵاتیان.
سازدانی  - کامەران  سەیدکەریم