ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بە ژمارە (١١٦) لە بەرواری (٢٥ی ٧ی ٢٠٢١) داوام لە وەزارەتی دارایی کرد هۆکاری ئامادە نەکردنی یاسای بودجە و نەناردنی بۆ پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەر یەک ڕوون بکاتەوە، بە نووسراویان ژمارە (٤١١٦) لە (١٤ی ٩ی ٢٠٢١)، بەڕێز وەزیری دارایی وەڵامی داوینەتەوە، لە وەڵامەکەدا لەلایەک کەمتەرخەمییەکە لە کۆڵی وەزارەت دەکاتەوە و ئەیخاتە ئەستۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەڵێت ئێمە لە (٢٠١٧)ەوە بەردەوام ڕەشنوسی یاسای بودجەمان ئامادە کردووە و ناردوومانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوووە، لەلایەکی ترەوە هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بودجەی هەرێم پشت بە داهاتی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق دەبەستێت، ئەوەش چەند جارێکە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، بۆیە نەتوانراوە یاسای بودجە ئامادە بکرێت .
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بێگومان ئەم دوو هۆکارە هیچیان هۆکارو پاساوی ڕاستەقینە نین، ئەوەی کەمێک شارەزایی لە یاساو بواری ئابوریو دارایی هەبێت دەزانێت ئەم هۆکارو پاساوانە پەسەند نین بۆ نهبوونی یاسای بودجه، چونکە بە پێی ماددەی (٩٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێویستە ئەنجومەنی وەزیران لەسەرەتای تشرینی یەکەم، واتە مانگی (١٠)ی هەرساڵێکی دارایدا پڕۆژە یاسای بودجەی خۆی بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێتو پەسەند بکرێت، بەڵام بێجگە لە ساڵانی ڕابردوو، وا ئەمساڵیش لە کۆتایی مانگی (١٠) نزیک دەبینەوەو هیچ باسێک لە پڕۆژە یاسای بودجە نییە، هەروەها لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە هەرێم خۆی بەرپرسیاری سیاسەتی ئابوری خۆی لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها چاوەڕوانی بەشە بودجەی بەغدا ڕاست نییە، چونکە ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت بە داهاتی خۆی(کە ئێستە داهاتێکی گەورەیە) یاسای بودجە دابڕێژێتو لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، پاشان هەر بڕە پارەیەکیش لە بەغداوە گەیشتە هەرێم بە پاشکۆیەک بۆ بودجەی هەر ساڵێک لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت یان هەموار بکرێت، یان وەک وەفر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
وتیشی، حکومەتی هەرێم بە شێوەی کرداری داهاتی خۆی هەیە، کە تەنها خۆی بەرپرسیارییەتیو بەغدا هیچ ئاگاداری داهاتو خەرجییەکانی نییە، لە ئیستەدا نرخی جیهانی نەوت نزیکەی (٨٥)دۆلارە، واتە نەوتی هەرێم بە نزیکەی (٧٠ دۆلار) دەفرۆشرێت، بەمجۆرە داهاتی نەوت نزیکەی (٧٠٠ ملیار دینار)ی مانگانەیە پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان، داهاتی گومرگ زیاترە لە (١٥٠ ملیار دینار)، داهاتی باج زیاترە لە (٩٠ ملیار دینار)، داهاتی ڕسوماتو کرێی خزمەتگوزاری زیاترە لە (١٠٠ ملیار دینار)ی مانگانە، لە بەغداشەوە مانگانە (٢٠٠ ملیار دینار) دەگاتە هەرێم، واتە هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی زیاترە لە (یەک ترلیۆنو دوو سەدو چل ملیار دینار)ی مانگانە، کە (٢٩٠ ملیار دینار)ی زیاترە لە خەرجییەکانی مانگانە بۆ هەموو بوارەکان کە (٩٥٠ ملیار دینار)ن بە مووچەی تەواویشەوە، ئیتر بۆ ناکرێت ئەم داهاتو خەرجیانە لە چوارچێوەی یاسای بودجە ڕێک بخرێن چی ڕێگرە کێ ڕێگرە ئەنجومەنی وەزیران پارەی کوردستان چی لێدەکات .
ڕونیشیکردەوە، نەبوونی یاسای بودجە شتێکی سادە نییە، نەبوونی یاسای بودجە واتە حکومەت لە دەرەوەی یاسا هەڵسو کەوت لەگەڵ داهاتو خەرجییەکان دەکات، واتە حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی دارایی نییە، واتە حکومەت هیچ بەرنامەو پلانێکی بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ شارەکان نییە، هیچ پلانو بەرنامەیەکی بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان بەشێوەی دادگەرانە نییە، واتە حکومەت هیچ پلانو بەرنامەو سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی، پەیڕەو ناکات، واتە دیار نییە حکومەت گرنگی بە چی دەدات داهات چی لێدەکات کەی دامەزراندن دەست پێدەکاتەوە بۆ ئەو بوارانەی کەرتی گشتی کە پێویستن چۆن چۆنی هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت چی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی مووچەخۆران چی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوت کەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە کەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئەکاتە هەمیشەیی کەی وانەبێژان دادەمەزرێنێت کە لە بنەمادا پێویستی قوتابخانەکانن .
باسی لەوەشکرد، حکومەت کۆتا یاسای بودجەی لە ساڵی (٢٠١٣)بووە، دەرەچەی یاسایی بۆ نەبوونی یاسای بودجە تەنها بۆ ساڵێکە کە بەشێوەی یەک لەسەر دوانزەی ساڵی پێشووە، لە دوای ئەو ساڵەوە حکومەت بەردەوام بەشێوەی نایاسایی هەڵسو کەوت لەگەڵ داهاتو خەرجی دەکات، لە دەرەوەی یاساش گومانی هەموو شتێکی خراپی لێ دەکرێت تەنها چاک نەبێت .
هێمای بەوەشکرد، کاتێک حکومەت بێ پلانو بەرنامەی ئابورییە، کاتێک حکومەت یاسای بودجەی نییە، بێگومان مووچهی خهڵك مسۆگهر نابێتو دابهشنهكردنی به پێی یاسا ئهگهرێكی كراوه دهبێت، کێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوتی سپی ماڵان دروست دەبێت، کێشەی تەواونەکردنی پڕۆژەکان دروست دەبێت، کێشەی خەرج نەکردنی شایستەی هاووڵاتیانی کەمئەندام دروست دەبێت، کێشەی هەژاری هەژارەکان گەورەتر دەبێت، کێشەی کەمیو خراپی خزمەتگوزارییو کێشەی نەبوونی دادگەریی لە وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکانو سەدان کێشەی تر.
ئەوپەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت بەمجۆرە بەڕێوە نابرێت، ئەمە حکومەتداری پێ ناڵێن، دەکرێت سەرۆکی حکومەتو جێگرەکەی شتێکی تری ناو لێبنێن، بەڵام ئەمە حکومەت نییە
بەهۆی هەموو ئەم مامەڵە نایاساییانەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ داهاتو خەرجی، ڕۆژ بە رۆژ کێشە ئابورییەکان گەورەتر دەبن، ئاڵۆزتر دەبن، لە ئایندەشدا تەنهاو تەنها بە کارکردن بە یاساکان دەتوانرێت ڕێگە چارەی ڕاست بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا دۆخەکە خراپتر دەبێت ئەگەرچی ڕۆژ بە رۆژ داهاتەکانیش زیاتربن.
زیاتر دواو وتیشی، پێویستە یاسای نەوتو گاز وهكخۆی جێبەجێبکرێت، ئیتر نەوتو داهاتەکەی لە تاریکیدا نەهێڵرێتەوەو بۆ پهرلهمانو ڕاكیشتی بخرێته ڕوو، ههروهها ڕێگه بدرێت دیوانی چاودێری دارایی چاودێری پرۆسهی دهرهێنان تا فرۆشتنو گهڕاندنهوهی داهاتی نهوت بكات، یاسای بودجە هەبێت كه ئهكاته بوونی پلانو بهرنامهی داراییو ئابوری، یاساب بودجه ئهگهر به بابهتیانهو زانستیانه و یاساییانه مامهڵهی لهگهڵ بكرێت دهبێته هۆی دیارییو شهفافی داهاتو خهرجی، بە یاسایی مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆراندا بکرێت بەتایبەت سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، هەروەها ساڵانە بە پێی یاساو دادگەرانە بودجە بۆ دامەزراندنو بوارە جیاجیاکان تەرخان بکرێت، هەموو ئەمانەش واتە پلانو بەرنامەی داراییو ئابوری.
باسی لەوەشکرد، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر بەدواداچوونو فشارەکان، تەنها لە پێناو بەرژەوەندی گشتیو ئایندەی وڵاتەکەماندا.
سازدانی - کامەران سەیدکەریم