لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا بڕیاری نوێی ده‌ركرد و به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كانیش له‌مه‌ودوا ڤاكسین ده‌بێته‌ ناچاری له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌تایبه‌تیش فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا رایگه‌یاند، پێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵا خرانه‌ڕوو و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كراون.

بڕیاره‌كانی لیژنه‌كه‌:

- پرۆسه‌ی خوێندن راناگیرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، به‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ و په‌یمانگاكان به‌ مه‌رجی ماسك به‌ستن، كه‌ ناچارییه‌ و ده‌بێت هه‌مووان ده‌مامك به‌كاربهێنن.

- تاكو 1 ی 1ی 2022 ده‌بێت سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت ڤاكسین وه‌ربگرن و كارتی ڤاكسینیان بۆ بكرێت و ناچارییه‌، هه‌ر كه‌سێكیش پابه‌ند نه‌بێت رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێتبه‌ر.

- قوتابیان و خوێندكاران له‌ 18 ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت ڤاكسین وه‌ربگرن و ناچارییه‌.

- كارمه‌ندان و خاوه‌نكاران له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێت ڤاكسین وه‌ربگرن.

- مامۆستایان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و قوتابیان و خوێندكاران، پێویسته‌ تا 1ی 12ی 2021 ڤاكسین وه‌ربگرن.

-  به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌نادرێت به‌ گردبوونه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

- دانانی پرسه‌ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ هه‌بووه‌ و دانانی پرسه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی پێ نادرێت.

- له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زیری په‌روه‌رده‌، خانه‌واده‌ی قوتابیان و خوێندكاران سه‌رپشك ده‌كرێن تا 31ی 10ی 2021، له‌وه‌ی كه‌ منداڵه‌كانیان به‌ ئۆنلاین بخوێنن یان له‌ پۆله‌كانی خوێندن ئاماده‌ بن.

- بنكه‌كانی پێدانی ڤاكسین بۆ فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیان زیاد ده‌كرێن.

کامەران سەیدکەریم