لەژێر چاودێریی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشی هونەری و ڕۆشنبیریی سۆران یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە ئاستی کوردستاندا لە سۆران و ڕواندز بەڕێوە دەبات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هەژار عەلی، گوتەبێژی دەستەی باڵای فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و هونەریی سۆران، چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکەی بۆ "باسنیوز" خستە ڕوو و ڕایگەیاند: کاتژمێر 10ی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-10-2021، دوای خوێندنەوەی وتاری لیژنەی باڵا و سەرپەرشتیاری ئیداری سەربەخۆی سۆران، گەشتێکی گۆرانی و موزیک لەلایەن تیپی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کوردستانەوە پێشکەش دەکرێت، دواتر سەمای کچان و کوڕانی سلێمانی، گرووپی سەمای لەیزین، بەڕێوە دەچێت و، دوای ئەویش شانۆگەریی تابووت لەلایەن گرووپی پیرەمەگروونەوە لە دەرەوەی هۆڵ نمایش دەکرێت.
گوتیشی، هەر ئەمڕۆ ئێوارە دوو شانۆگەریی تیپی شانۆی کۆیه و کەرکووک لە ڕواندز و بێخاڵ بەڕێوە دەچێت و کاژمێر 8ی شەویش لە بێخاڵ پانێڵێک دەربارەی نواندن لە شانۆی سەرشەقامدا لەلایەن د. کەیفی ئەحمەد و م. هونەر تاهیرەوە پێشکەش دەکرێت.
بەم شێویە ڕۆژی یەکەمی فیستیڤاڵ کۆتایی دێت و ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.