به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شوهه‌واو ئه‌گه‌ری بارانبارین و په‌له‌كانی گه‌رمای ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌می 2021، بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌شناسی هه‌رێمدا هاتووه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاسمانی شاره‌كانی هه‌رێم و پارێزگای كه‌ركوك نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت، له‌ هه‌ندێ كات ده‌گۆڕێت بۆ هه‌وری ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری نمه‌باران به‌تایبه‌تی له‌كاته‌كانی شه‌ودا، هه‌روه‌ك ئاستی بارانبارین له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان زیاتر ده‌بێت.

له‌ باره‌ی پله‌كانی گه‌رماوه‌ ده‌ڵێت: له‌ هه‌ولێر به‌رزترین پله‌ 27 سبه‌ینێ 24، سلێمانی 26 سبه‌ینێ 24، هه‌ڵه‌بجه‌ 27 سبه‌ینێ 25، دهۆك 26، سبه‌ینێ 23، كه‌ركوك 28 سبه‌ینێ 26 پله‌ی سه‌دی ده‌بێت.

له‌ باره‌ی كه‌شوهه‌وای سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌م، كه‌شناسی هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: پلەکانی‌ گەرما بە نزیکەی‌ دوو تا سێ پلە نزم دەبێتەوە، بارانبارین لە کاتەکانی‌ نیوەڕۆ و ئێوارە لە سنووری‌ پارێزگای‌ دهۆک دەبێت، لە کاتەکانی‌ شەو لە زۆربەی‌ ناوچەکان نمە نمە باران دەبێت تا کاتەکانی‌ بەرەبەیان بارانی‌ پچر پچڕ ده‌بێت، لە ناوچە شاخاوییەکان ئاستی‌ بارانبارین کەمێک زیاتر دەبێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: لە رۆژی‌ پێنجشەممەوە ئاسمان بە تەواوی‌  دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور، رۆژی‌ پێنجشەممە کاریگەری‌ مانەوەی‌ ئەو نزمە پاڵە پەستۆیەی‌ رووی‌ لە ناوچەکە کردووە کۆتایی‌ دێت.