نوسینگەى لاهورى شێخ جەنگى ڕایدەگەیەنێت، لاهورى شێخ جەنگى خاوەنى یەکێتیە و کەس ناتوانێت دەریبکات و دەرکردنى هاوسەرۆکانى یەکێتیش تەنها بەبڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتیە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دوا بەدواى بڕیارى دەرکردنى لاهورى شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى و ژمارەیەک لەئەندامانى سەرکردایەتى حزبەکە لەلایەن لیژنەیەکى مەکتەبى سیاسیەوە، نوسینگەى تایبەتى لاهورى شێخ جەنگى تایبەت بە "چاوگە"ى ڕاگەیاند " هاوسەرۆک بەلیژنەیەک دەرناکرێت و ئەو دەسەڵاتەیان نیە بەڵکو بەدەنگى دوو لەسەر سێى سەرکردایەتى  دەتوانرێت سڕبکرێت نەک ڕاستەوخۆ دەربکرێت"
ووتیشى " تەنانەت ئەو لیژنەیە لەلایەن ئەنجومەنى سەرکردایەتیەوە دەسەڵاتى پێنەدراوە و ئەو بڕیارەش بۆ دەرکردنى بۆ شێواندن و لێدان بوو لەپەیامەکەى. "
لە وەڵامى کاردانەوەى لاهورى شێخ جەنگى چى دەبێت، نوسینگە تایبەتەکەى جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، لاهورى شێخ جەنگى خۆى خاوەنى یەکێتیە و کەس ناتوانێت دەریبکات.
لەدواى بڵاو کردنەوەى پەیامەکەى کە سەرلەئێوارەى ئەمڕۆ بڵاوى کردەوە و ڕەخنەى توندى ئاڕاستەى حزبەکەى کرد، لەمیدیاکانەوە دەنگۆى بڕیارکردنى لاهورى شێخ جەنگى و 4 ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لەلایەن مەکتەبى سیاسیەوە بڵاو کرایەوە.