قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، لهپهیامێكدا به‌بۆنه‌ی یادی 32 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی ژنانی كوردستانه‌وه رایگه‌یاند، "هێشتا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژنان به‌رده‌وامه و رۆژانه گوێبیستی هه‌واڵی پێشێلكارییه‌كان ده‌بین".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قوباد تاڵه‌بانی لهپهیامێكدا كه ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی یه‌كێتی ژنانی كوردستانی كردوه رایگه‌یاندوه، "32 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له هه‌ناوی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌ماندا و له شاری سه‌قز كۆمه‌ڵێك له ژنانی ئازا و روناكبیر و خه‌باتكاری ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یان نا و یه‌كێتی ژنانی كوردستانیان دامه‌زراند، یه‌كێتی ژنان له‌ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردودا ڕۆڵی گرنگی بینیوه له هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان به‌رامبه‌ر به مافه‌كانیان و پێشه‌نگ بوه له رێكخستنی تواناكانیان له‌پێناو به‌دیهێنانی یه‌كسانی جێنده‌ری له كوردستان، له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه رێز و پێزانینی ته‌واومان هه‌یه بۆ هه‌وڵ و ماندوبونی یه‌ك به یه‌كی ئه‌ندامانی یه‌كێتی ژنان".
هیوادارین به خۆڕێكخستنهوهتان و گوڕوتین به‌خشین به هه‌وڵ و چالاكییه‌كانتان
قوباد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت، "له ئێستادا كه یادی 32 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ڕێكخراوی یه‌كێتی ژنان ده‌كه‌ینه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی ئه‌م یاده‌تان لێ ده‌كه‌ین، هیوادارین به خۆڕێكخستنهوهتان و گوڕوتین به‌خشین به هه‌وڵ و چالاكییه‌كانتان بتوانن له ئاستی ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا".
هێشتا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژنان به‌رده‌وامه و رۆژانه گوێبیستی هه‌واڵی پێشێلكارییه‌كان ده‌بین
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "سه‌رباری هه‌وڵ و خه‌باتی یه‌كێتی ژنان و هه‌مو چالاكوانانی بواری مافه‌كانی ژنان بۆ به‌دیهێنانی یه‌كسانی جێنده‌ری، به‌داخه‌وه هێشتا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژنان به‌رده‌وامه و رۆژانه گوێبیستی هه‌واڵی پێشێلكارییه‌كان ده‌بین".
ئه‌ركی ئێوه وه‌ك یه‌كێتی ژنانی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا له هه‌موكات قورستتره و پێویسته له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئه‌ركی ئێوه وه‌ك یه‌كێتی ژنانی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا له هه‌موكات قورستتره و پێویسته له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چالاكوانانی دیكه‌ی ژنان هه‌وڵه‌كانتان چڕتر بكه‌نه‌وه و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان خۆتاندا دروست بكه‌ن، بۆ كۆتاییهێنان به هه‌رجۆره پێشێلكارییه‌ك به‌رامبه‌ر به ژنان و ئێمه‌ش له‌م ڕوه‌وه به ته‌واوی پشتیوان و هاوكارتان ده‌بین".