نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی بەرپرسی سوپای قودسی ئێرانی پاش هەوڵی تیرۆکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوە و هەروەها پەیامی وڵاتەکەی بەلایەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندوە بەوە کە "دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن و لایەنەکانی کوردیش نابێت بچنەناو بەرداشی ململانێی شیعە و شیعە".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نازم دەباغ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "ئەم ڕۆڵەی ئێستا ئێران لە عێراق دەیگێڕێت نە تازەیە و نە کۆنە، بە شێوەیەکی گشتی بمانەوێت یا نەمانەوێت ئێران لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەمن و ئاسایشی عێراقی بە ئەندازەی ئەمن و ئاسایشی خۆی پێ گرنگە، هەروەها لە سەردانەکەی ئاغای قائانی لەمکاتەدا بۆ عێراق سەردانێکی گرنگ بو چونکە هەوڵدان بۆ کارێکی قێزەونی وەک تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەک لە بەرژەوەندی ئێران نیە، بەڵکو لە بەرژەوەندی هیچ کەس نیە کە کاربگاتە ئەوەی ئێران و عێراق خەڵک لەیەکتر تیرۆر بکەن".

ئاماژەی بەوەشكردوە، سەردانەکەی قائانی"جگە لەوەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوە لە عێراق پاش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوکات بۆ ئەوەبو پەیام بدات بەو کەسانەی خۆیان بە نزیکی ئێران تا لەبری ئێران شەڕ نەکەن لە عێراقدا ، وە بڕیار نەدەن چونکە وەک هەمیشە ئێران وتویەتی ئێمە خۆمان دەزانین لەکوێ شەڕ دەکەین؟ بۆ شەڕ دەکەین وە بۆچی دەیکەین؟، هەروەها من زانیاری وردم لانیە لەسەر سەردانەکەی قائانی بۆ عێراق، بەڵام ئەمە لێکدانەوەی خۆمە، بەشێوەیەکی گشتی ئاغای قائانی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەو دیو سنور لە نێویشیاندا عێراق، بۆیە ئەوەندەی من بزانم و بیخوێنمەوە، ئەوەیە دەبێت لایەنە عێراقییەکان بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان ڕازی ببن".

نازم دەباغ سەبارەت بە سەردانەکەی قائانی بۆ کوردستان و پەیامی بۆ لایەنە کوردییەکان وتی، "من پێم وایە هەمیشە قائانی کە چۆتە عێراق دەرفەتی هەبوبێت سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کردوە ئەمەش وەک واتای ئەوەی کوردیش بە ئەندازەی ئەو لایەنە شیعەی ئێران دەیبنیێت لەبەغداد بۆ ئێران گرنگە، بۆ پارسەنگی سیاسەت لە عێراق، پەیامی ئێرانیش بۆ کورد ئەوەیە کە کورد نەکەوێتە ناو بەرداشی ململانێی شیعە بەشیعە، کە شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات".

سەبارەت بە لایەنی کوردیش نوێنەری هەرێم لەئێران دەڵێت، "کورد ناتوانێت بچێتە هیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر بوەستێتەوە چونکە بۆ ئێمە ( کورد) نە ئێران ئەو هێزەیە کە بتوانێت لە هەمو کاتێکدا پارێزگاریمان لێبکات، نە ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ئەو هێزەن تا ئەو متمانەیان پێبکرێت و پشتییان پێ ببەسترێت، بەڵکو کورد دەبێت بێ لایەن بێت".