دیزاینی دەنگ و دانانی دەنگی فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی" لە لایەن "ئەمیرحوسێن سادقی" کۆتایی پێهات و بۆ بەشداریی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" ئامادەی نمایشە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید" لە هەرێمی کوردستان، لە دووهەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت و دیزاینی دەنگ و دانانی دەنگی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە لایەن "ئەمیرحوسێن سادقی" لە ستۆدیۆ "شەهری سەدا" لە شاری تاران کۆتایی پێهات و ئامادەی نمایش لەم ڕووداوە سینەماییەیە.
"بێنیشتمان" لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە ئاستی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" کە بە یادی "یەڵماز گۆنای" دەرهێنەر ناوداری سینەما و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ئاڵووگۆڕی فەرهەنگی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرکانی دنیا دامەزراوە؛ هەشتەمین خولی لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیهان"، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، بەشی "نمایشی تایبەت" و ... لە ڕۆژانی 15 تا 22ی نۆڤەمبەری 2021 لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک و هەروەها هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی "مازی مۆڵ" لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
ئەم ڕۆژانە "بێنیشتمان" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی "ئاسۆی سینەمای جیهان" لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست" Cinequest لە وڵاتی ئەمەریکا لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکارە دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست" لە ڕۆژانی 4 تا 14ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری سەن خۆزە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و هەر ساڵە تیایدا زیاتر لە 100 فیلم، ئەزموونی یەکەمین نمایشی جیهانی و ئەمەریکای خۆیان دەکەن و بۆ هۆگرانی هونەری سینەمای نمایش دەکرێن.
لە "بێنیشتمان"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ "هانی موجتەهیدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، ڕەوانشاد هەکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.