ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات،  ئەگەر چارەسەر نەکرێت خزمەتگوزاری پزیشکی لە سلێمانی  50% دادەبەزێت ھەموو نەشتەرگەری و قەستەرە و تاقیگەکان دەوەستن و دەرمان نامێنێت.

عەلی  حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی  کوردستان  لە وتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری زایەڵە  ڕایگەیاند،  لەبەرئەوەی ماوەی ھەشت مانگە شایستە دارایەکانی ئەو کۆمپانیایانە نەدراوە کە دەرمانیان بۆنەخۆشخانەکانی سلێمانی دابین کردوە. ھیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە چیدیکە دەرمان دابین بکات. دەشیانەوێت ئەو دەرمانانەشی ماوە لە نەخۆشخانەکان بیگەڕێنەوە بۆ کۆمپانیاکان.

وتیشی،  ئەو کۆمپانیانەی دەرمانیان دابینکردوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی نزیکەی 10 ملیار دیناریان لای حکومەتە. ئەگەر لەماوەیەکی نزیکدا ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێت خزمەتگوزاری گشتی تەندروستی 50% لە سلێمانیدا کەم دەبێتەوە. لە ھەموو جۆرەکانی نەشتەرگەریەوە بۆ تاقیگە و دەرمان.

ڕونیشیکردەوە،  ئەمڕۆ بۆ چارەسەری ئەم گرفتە قسەم لەگەل بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و وەزیری تەندروستی و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کردوە.وەزیری تەندروستی دەڵێ  گرفتی نەختینە ھەیە لە سلێمانی، لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەوڵی چارەسەر دەدەین ،بە گوتەی بەرپرسانی حکومەت دەبوو پارەی کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە داھاتی سلێمانی بێت، ئێستاش دەڵێن: داھات و پارەی پێویست بۆ دەرمان لەبەردەست نیە.

ئەوپەرلەمانتارە باسی  لەوەشکرد،  ھەمو ھەوڵ و بەدواداچونێک دەکەین بۆ ئەوەی سلێمانی تووشی ئەم گرفتەش نەبێت.

سازدانی - کامەران کەریم