وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە پشکی پارێزگای هەڵەبجە لە بودجەی پرۆژەکان لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەبری پۆستی فیس بوک جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بکات بۆ زانیاری و ئاگاداربون، لە بریار و تەرخانکردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونکە لامان سەیرە! ناکرێت لە پۆستیکی ئاوا بیت و ئاگاداری کارو پرۆژەکانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت بە شاهیدی هەموو لایەک دەرگامان کراوەیە، بۆ هەموو کەسێک و پێدانی زانیاری نەک بەلارێدابردن و چەواشەکاری ئەو خزمەتانەی پێشکەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەکەین.
1. وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم کردووە بەژمارە ٢١٤٨ /لەریکەوتی ٥-٩-٢٠٢١ و داوای لە وەزارەتمان کردووە دووبارە ڕێژەی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دیاری بکرێت، بەمەرجێک کۆی گشتی هەموو بودجەکە لە (١٠٠) ملیار دینار تێپەڕ نەکات.
وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ رێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگایەک و ڕێگە نادەن بنەمای دیکە بەکار بهێندرێت ، چونکە تەنها بنەمای ڕێژەی دانیشتووان بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت.
2. وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە کۆی (٩٩) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕی (٤،٥٣٥،٥٠٠،٠٠٠) دیناری بۆ پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکردووە، کە ئەمە دەکاتە ڕێژەی (٤.٥)٪ـی کۆی پارەی تەرخانکراو، لە کاتێکدا بە داتای ڕێژەی دانیشتووان پارێزگای هەڵەبجە بڕی (٢)٪ـی بەردەکەوێت،واتە بەڕێژەی (١٢٥)٪ لە پشکی خۆی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراوە.
3. هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵدراوە کە تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە لە پشکی پرۆژەکاندا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە کۆی گشتی (٥٧٠) ملیار دینار پارەی تەرخانکراوی پرۆژەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بڕی (٣١.٦١) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کراوە (کە هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە یەک نووسراو بڕی ٢٣ ملیار بۆ هەڵەبجە تەرخانکرا)، کە ئەگەر پشکی ڕاستەقینەی پارێزگاکە و ڕێژەی دانیشتووان بووایە، دەبوو بڕی (١١.٤) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی ئەم پارێزگایە تەرخان بکرایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و تایبەتمەندی ئەم پارێزگایە، کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ڕێژەی (٥.٥٪) پارەی پرۆژەکانی بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانکردووە، واتە دوو هێندە و نیو زیاتر لە پشکی خۆی بەرکەوتووە.
4. سەرەڕای هەموو ئەمانە، بۆ مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتکردنی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوابەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی زارەکی سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتمان نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی سەرۆکی حکوومەت، بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگای عەمبارکردن لە هەڵەبجە، کە بێگومان ئەمەش دەبێتە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی کابینەی نۆیەم لە سنووری ئەم پارێزگایە و خزمەتێکی بەرچاو بە جوتیارانی ناوچەکەدەگەیەنێت.
لێرەوە بە هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەبێ جیاوازی کاردەکات لە تەرخانکردنی بودجە و دیاری کردنی پرۆژە لەهەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەپێی بودجەی بەردەست و بپێویستی ناوچەکان، پۆستی فیس بوکی جێگری پارێزگای هەڵەبجە و ئەوانەی دەیانەوێت چەواشەکاری کارو بەرنامەکانمان بکەن ساردمان ناکاتەوە و هەموو لایەک دەتوانن سەردانی وەزارەتمان بکەن و ئاگاداری زانیاریەکان بن.
کامەران کەریم