ئه‌مرۆ هێزێكى تایبه‌ت  له‌ پارێزگاى دهۆك ده‌زگایه‌كى ڕاگه‌یاندن داده‌خات كه‌ به‌ ده‌زگایه‌كى ڕاگه‌یاندنى نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت.

 به‌پێى ڕاپۆرتی زایەڵە، ماڵپەڕی شارپرێس بڵاوی کردەوە بە گوێرەی ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكى ناو ده‌زگاكه‌وه‌ ده‌ست ئەو ماڵپەڕە كه‌وتوه‌، ئه‌مڕۆ كارمه‌نده‌كانى گاڤ نیوز له‌ كاتێكدا كه‌ چونه‌ته‌ سه‌ر شوێنى كاره‌كه‌یان پێان وتراوه‌ بڕۆنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و دواتر له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌تان ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ى كه‌ له‌وێ كاریان ده‌كرد هێمایان بۆئه‌وه‌شكردوه‌، دواى رۆشتنه‌وه‌یان هێزێكى تایبه‌ت چوه‌ته‌ باڵه‌خانه‌ى ده‌زگاكه‌و ئێستا به‌رێوه‌به‌رو كارمه‌نده‌كانى به‌ته‌واوى نێردراونه‌ته‌ ماڵه‌وه‌.

له‌باره‌ى هۆكارى داخستنى ده‌زگاكه‌ ئاماژە بەوە دراوە؛ دوو هۆكار له‌پشت داخستنى گاڤ نیوز بوه‌ ئه‌وانیش، بانگه‌شه‌كردن بۆ كانیده‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌و ده‌زگایه‌ زیاتر بوه‌ له‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ كاندیده‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌و بابه‌ته‌ش كه‌ دوێنێ شه‌و ئه‌دهه‌م بارزانى بڵاویكرده‌وه‌ ده‌رباره‌ى كۆچى هاووڵاتیان ده‌زگاكه‌ وه‌ك خۆى بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ته‌نها یه‌ك كارمه‌ندى ده‌زگاكه‌ هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ پێیان وتراوه‌ ماوه‌یه‌كى تر وه‌رزى نوێ ڕاده‌گه‌یه‌نن و بۆكاركردن بانگیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

گاڤ نیوز له‌لایه‌ن گروپى كۆمیانیاكانى سه‌ڵاحه‌دین پشتیوانى دارایی ده‌كرا كه‌ به‌ كۆمپانیاى نێچیرڤان بارزانى ئه‌ژمارده‌كرێت و به‌شێك له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ى كه‌ پێشتر له‌ وار تیڤى كاریان ده‌كرد له‌و ده‌زگایه‌ ده‌ستیان به‌كاركردن كردبوو، ده‌زگاكه‌ پێشتر ڕایگه‌یاندبوو به‌نیازن كاره‌كانیان له‌ سلێمانى و هه‌ولێر فراوان بكه‌ن و نوسینگه‌ له‌و دوو پارێزگایه‌ بكه‌نه‌وه‌.