سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاشکرایدەکات، لەساڵی 2015وە تائێستا 634,938 کەس لەعێراقەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردوەو لەوکاتەوە 449 کەس مردون.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەساڵی 2015دا 186 هەزارو 222 کەس لەعێراقەوە کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات کە 25 کەسیان مردونو حەوتیان بێسەروشوێنن".
ئاماژهى بهوهشكردوه، "لەساڵی 2016دا 160 هەزارو 716 کەس کۆچیان کردوە کە 132 کەسیان مردونو تەرمی 78 کەسیان دۆزراوەتەوەو 54یان بێسەروشوێنن، لەساڵی 2017دا 92 هەزار کەس کۆچیان کردوە، لە ساڵی 2018دا 69 هەزار کەس کۆچیان کردوە، لە2019دا بوو بە 53 هەزار کەس، ساڵی 2020یش بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆناو ڕاگرتنی گەشتە زەمینیو ئاسمانییەکانەوە ژمارەکە بەتەواوەتی کەمیکرد بۆ 34 هەزار کەس".
لهبارهى ئهمساڵیشهوه ئارى دهڵێت:"ئەمساڵیش تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم نزیکەی 40 هەزار کەس کۆچیان کردوە".
بە وتەی سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران، "لەساڵی 2015وە 449 کەس مردون کە تەرمی 226 کەسیان گەڕێنراونەتەوە عێراق کە خەڵکی هەر لەزاخۆ تاوەکو بەسرەیان تێدا بوەو 187 کەسیش تائێستا چارەنوسیان نادریارە".
ئاری جەلال وتیشی:"تائێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی سەر سنوری بیلاڕوسیا-پۆڵەندا نییە، باس لەوەشدەکرێت کە ناچاریان بکەن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا سورە لەسەرئەوەی نەهێڵێت پۆڵەندا دەروازەکانی بکاتەوە، لەلایەکی دیکەیشەوە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لەبێلاڕوسەوە خۆیان دەگەیهننە سەر سنورەکە".