لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان كرایه‌وه‌ و گرنگی یەكگووتاری کورد لە بەغدا بە پێویست زانرا .

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رۆژی دووشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2021 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە بافل جەلال تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دوو لایەن دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی و پرسە هەنووكەییەكان، جەختیان لە یەکڕیزیی نیشتمانی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خزمەتکردنی خەڵكی كوردستان کرد.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قۆناغی نوێی عێراق و دوای ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەستەی لەسەر کرا و گرنگی یەكگووتاری کورد لە بەغدا بە پێویست زانرا و پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکرایەوە.

هەروەها جەخت لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەشی نیشتمانی کرایەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ کۆی پرسە سیاسییەکان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری.