به‌ڵگه‌فیلمی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی ڕه‌وانشاد"رەحیم زەبیحی" و لە بەرهەمهێنانی "توورەج ئەسڵانی"، لە به‌شی پێشبڕکێی "سینه‌مای کوردی" له هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" نمایش دە‌کرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەڵگەفیلمی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie؛ دوای به‌شداریی فێستیڤاڵه گرینگه جیهانییه‌کان و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی پڕبایخ، لە نوێترین و ده‌یەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی "توورەج ئەسڵانی" بەرهەمهێنه‌ر و "ئیلاهە نەوبەخت" بڵاوکه‌ره‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه لە دوو سانسی جیاوازدا له‌وانه: کاتژمێر 5ی ئێوارێی ڕۆژی پێنجشه‌مه ١٨ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٢١ و هه‌روه‌ها لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی ١٩ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٢١ له هۆڵی سینەمایی ناوەندی "دهۆک مۆڵ" لە به‌شی پێشبڕکێی "سینه‌مای کوردی" له هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" نمایش دە‌کرێت.

"نانی پیرۆز" لە‌ لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok کە بە یادی "یەڵماز گۆنای" دەرهێنەر ناوداری سینەما و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ئاڵووگۆڕی فەرهەنگی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرکانی دنیا دامەزراوە؛ هەشتەمین خولی به نمایشی ٩٤ فیلم له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیهان"، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، بەشی "نمایشی تایبەت" و ... لە ڕۆژانی 15 تا 22ی نۆڤەمبەری 2021 لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک و هەروەها له هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک له هه‌رێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

"نانی پیرۆز" له دوایین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ" Religion Today لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

بیست و چوارەمین خولی ئەم ڕووداوە هونەرییە بە نمایشی فیلمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمەکانی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی 22 تا 29ی سێپتەمبەری 2021 لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

مەنسوور جیهانی