موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە شکستخواردووەکانی هەڵبژاردن کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر بەردەوام بن لەم کارەی ئێستایان مێژووی خۆیان دەسڕنەوە، هاوکات پێنج مەرجیشی بۆ دیاریکردن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و دەڵێت، دەبێت گروپە میلیشیاییەکان هەڵبوەشێنەوە و حەشدی شەعبیش پاک بکرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (پێنجشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2021) پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو لایەنانە کرد کە بە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن ناودەبرێن و ڕایگەیاند، "نابێت شکستهێنانتان لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرەتایەک بۆ کۆتایی هێنان و تێکدانی دۆخی دیموکراسی لە عێراقدا بەکاربهێنن."
وتیشی، "پێویستە بەخۆداچوونەوە بکەن بۆ ئەوەی متمانەی گەل بەدەستبهێننەوە لە داهاتوودا، ئەوەشی ئێستا دەیکەن مێژووتان لەناو دەبات و ڕقی گەل بەرامبەرتان زیاتر دەکات."
سەدر مەرجیشی بۆ ئەو لایەنانە داناوە ئەگەر بەشداری لە حکومەتدا بکەن، کە ئەمانەن:
١- پێویستە چەند خاڵێک جێبەجێ بکەن و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە ئەندامی ئەو لایەنانەن و گومانی گەندەڵییان لەسەرە و ڕادەستی دادگا بکرێن."
٢- پێویستە حەشدی شەعبی پاک بکەنەوە لەو ئەندامانەی کاری نایاساییان کردووە و هەروەها بەکارنەهێنانی ناوەکەی لە سیاسەتدا."
٣ - پێویستە ئەو لایەنانە سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوەدا بپچڕێنن و ئەو پەیوەندییانە پێویستە تەنها لەڕێگەی لایەنە دیبلۆماسی و فەرمییەکانەوە بێت."
٤- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپە میلیشیاییەکان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حەشدی شەعبی.
٥- هێزی مەزهەب نابێت لە ناکۆکییە تائیفییەکاندا بسەپێنرێت.
سەدر باسی لەوەشکرد، "ئەگەر هاوڕابوون لەگەڵ قسەکانم ئەوا دەبینە هاوبەش و هاوکار لە پڕۆژەی چاکسازیدا وەک ئەوەی مەرجەعییەت بە درێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو داوای کردووە."