وتەبێژی سەربازیی کەتیبەکانی حزبوڵا لە وەڵامی وتارەکەی موقتەدا سەدر کە وەک پێشمەرجێک بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەت، داوای ڕاماڵینی چەکی لە گروپە چەکدارەکان کردووە، باسی چەکەکانی پێشمەرگە و سەدری کرد و ڕایگەیاند، چەک ڕاماڵین دەبێت لە پێشمەرگەوە دەست پێ بکات.  
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەبو عەلی عەسکەری، وتەبێژی سەربازیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە تویتێکدا (پێنجشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەو کەسەی داوای ئەوەی کردووە (موقتەدا سەدڕ) لە خۆیەوە دەستپێبکات و بەتایبەتی ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانی."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەدوای ئەو هەنگاوە، لە هەنگاوی دووەمدا پێویستە میلیشیا گەورەکە کە پێشمەرگەیە و 160 هەزار چەکداری هەیە و خاوەنی چەندین چەکی نوێیە، چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکات."
عەسکەری ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەگەر ئەو هەنگاوانە جێبەجێکران ئەوا ئێمەش هاوکار دەبین بۆ ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت."