دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق وێڕای ئاماژە بە وەی کە هیچ ئاماژەیەک بە کەم کردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا نابینرێت، هۆشداریی دا و ڕایگەیاند؛ چەکی بەرگری ئامادە دەبێت بۆ پارچە پارچەکردنی داگیرکار.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق هەینی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ی زایینی لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "لە نزیکەوە چاودێریی ئاستی پابەندبوون بە دەرهاوێشتەکانی بەناو گەڕی گفتوگۆی ستراتیژی دەکەین، ئێمە باوەڕمان بەوە نەبووە کە داگیرکار جیدی بێت و وەکو لایەنێکی بەشدار پێوەی پابەند بێت، بەڵام پێمان باش بوو هەلێک بدەینە دانوستاندنکارە عێراقییەکان بۆ دەرکردنی داگیرکاری ئەمریکی لە خاکی پیرۆزی عێراق بە رێگە دیپلۆماسییەکان، کەچی تاوەکو ئێستا هیچ دیمەنێکی کشانەوەمان نەبینیوە، هەرچەندە ٤٢ رۆژ ماوە بۆ ٣١/١٢/٢٠٢١".
ئاماژەی بەوەش داوە: "تێبینیمان کردووە کە داگیرکاریی ئەمریکی، ژمارە و کەرەستەکانی لە بنکەکان لە عێراق زیاد دەبن، تەنانەت گوێمان لە لێدوانی فەرمی و نیمچەفەرمی بەرپرسانی ویلایەتە خراپەکانی ئەمریکا دەبێت سەبارەت بە نیازی نەکشانەوە لە عێراق بە بیانووی ئەوەی بەغدا ئەو داوایەی لێکردوون، لە کاتێکدا هیچ وەڵامێک یان رەتکردنەوەیەکمان لە حکومەتی عێراق سەبارەت بەو لێدوانە پووچانە نەبیستووە".
دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق دەڵێت، "دڵنیایی دەدەین چەکی شەرەفمەندی بەرگریی کە لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر قسەی لەبارەوە کرا و کەسانێک بەتایبەت سووربوون لەسەر تێکەڵکردنی بە ململانێ سیاسییەکانی ئەم دواییە، دوای کاژێر ١٢ی شەوی ٣١/١٢/٢٠٢١ ئامادە دەبێت بۆ پارچەپارچەکردنی داگیرکار".