نوسەرێک لە هەرێمی  کوردستان  ئاشکرایدەکات، کۆچی  گەنجان و هاوڵاتیان  لە هەرێمی  کوردستان لە نائومێدیە و کۆچی  سیاسیە.
کامیل مەحمود، نوسەر لە هەرێمی  کوردستان  لە وتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری  زایەڵە ڕایگەیاند، کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک بەرەو دەرەوە و جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە نائومێدییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەم کۆچە بەکۆمەڵە کۆچی سیاسییە وەک بایکۆتی هەڵبژاردنەکە پەیامی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لەپشتەوەیە، خەڵکی کوردستان نائومێدبووە لەوەی ئەم وڵاتە سیستماتیک بکرێ و یاسا تیایدا سەروەربێت .
وتیشی،  دوای ۳۰ ساڵ لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی خەڵک و بەتایبەتی گەنجان لەواقیعێکدا دەژین کە هیچ دادپەروەریەکی تیادا نەماوە و کۆمەڵگه دابەش بووە بەسەر دوو چینی هەژاری مافپێشێلکراو لەگەڵ چینێکی بلیاردێری ناشەرعی لەسەر حسابی داهات و سامانی وڵات و قوتی هاوڵاتی .
ئەو  نوسەرە  ڕونیشیکردەوە،  ئەم چینایەتیە بێ ئومێدی و ئازارێکی دەروونی لای خەڵک دروست کردووە کە وڵاتی لەبەرچاو خستووە و وای لێ هاتووە حاشا لە نیشتیمان و کوردبوونی خۆی دەکات، ئەو نیشتیمانەکەی بەداگیرکراو دەبینێت کە خێرو بێرەکەی بۆ ئەو نییە و بۆ دەسەڵاتدار و خانەوادە و ڕۆڵەکانیانە کە بە بەرچاوی ئەوانەوە وەک شازادەکان دەژین.
سازدانی  - کامەران  کەریم