مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە "جان ئیڤ لۆدریان"، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێگەیشت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە پەیوەندییەکەدا، دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا و بەشداریی و مانەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاووتوێ کرا.
لە بارەی دۆخی کۆچبەرانەوە هەردوولا هاوڕابوون کە ئەوان بوونەتە قوربانی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەردا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دا و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون دەربڕی.
داواشی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد، کە رۆڵی خۆیان لە گەیاندنی فریاگوزاری بۆ ئهو کۆچبەرانەی گیریان خواردووە، بگێڕێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە پێزانینەوە باسی لەو رێکارانە کرد، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد، کە بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، هەماهەنگییان کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان دا.
سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، رێککەوتن لەسەر ئەوەی تیمێکی تەکنیکی، لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات، بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری رێکاری پێویست.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولادا.