ڤیستیڤاڵی پایزە تایبەت بەبەرهەمە خۆماڵیەکان بەمەبەستی خستنە ڕووی بەرهەمە خۆماڵیەکان و ئاشناکردنیان بە هاوڵاتیان، لە سلێمانی کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئازاد شمقار، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوور، لە کردنەوەی ڤیستیڤاڵی پاییزەی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵیەکان لە ناوی بازاڕی میلی مۆڵ لە گەڕەکی ڕاپەرین لە شاری سلێمانی بەشداریان کرد.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕایگەیاند: وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی تەواو دەکەین لە بەرهەمی ناوخۆی، ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە گرنگی زۆری هەیە بۆ جوتیاران و خاوەن کارەکان دەتوانن بەرهەمەکانیان نمایشبکەن و بیخەنە بەرچاوی هاوڵاتیان تا لەنزیکەوە ئاشنابن بەبەرهەم و کارە دەستیەکان”.
راشیگەیاند: کار دەکەین بۆ ئەوەی بازاڕێکی تایبەت بەبەرهەمی ناوخۆی دروستبکرێت بەردەوام وەک هەفتە بازاڕێک کراوەبێت و لەبەرامەبەریدا هیچ بڕەپارەکە وەنەگیرێت تەنها وەک هاندانێک بێت و بتواندرێت هەفتانە بەرهەمە خۆماڵیەکانی تیادا ساغ بکرێتەوە ئەوەش دەبێتە کارایکی گرنگ بۆ هاوکاری و پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ.
ڤیستیڤاڵی پاییز بۆبەرهەمە ناوخۆییەکان بۆماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی هەتا ١٢ شەو کراوە دەبێت.