چەند ڕۆژ پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە ڤییەنا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و زلهێزەکان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند دەکرێت ڕێککەوتنێکی باش و خێرا لە ڤییەنا ئەنجام بدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جۆزێف بۆڕێڵی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی کرد: "ئەگەر بێت و لایەنە ناکۆکەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدابێت بۆ پابەندییەکان بگەڕێنەوە و سزاکان هەڵبگرن، ئەوە دەکرێت ڕێککەوتنێکی باش و خێراش ئەنجام بدرێت".
ڕاشیگەیاند كە دەبێت بە جدی دەستەبەریی ئەوە بکرێت کە ئەمریکا دوبارە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام ناکشێتەوە.
ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە ڤیەننا دانوستانی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت و ئەمریکاش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە تێیدا.
ئامانج لە دانوستانەکانی ڤیەننا ئەوەیە هەموو لایەنەکان بە تایبەت ئێران و ئەمریکا بە تەواویی پابەندبوونیان بە ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015 ڕابگەیەنن کە ساڵی 2018 ئەمریکای سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ تاکلایەنە لێی کشایەوە.