سه‌باره‌ت به‌جوڵه‌پێكردنى هێز، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكردۆته‌وه‌و ئاشكرایكردوه‌، هیچ جوڵه‌پێكردنێكی نائاسایی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه‌، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش‌ له‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چوغ‌و مه‌خمور زیادبوه‌".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست شارپرێس كه‌وتوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "له‌باره‌ی ده‌نگۆی جوڵه‌پێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كانی مه‌خمورو قه‌ره‌چوغ ڕایده‌گه‌یه‌نین، هیچ جوڵه‌پێكردنێكی نائاسایی به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه‌".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "ئه‌وه‌ى ڕویداوه‌ به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش‌ له‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چوغ‌و مه‌خمور زیادبوه‌و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ئه‌وه‌ دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌ داعش ده‌یه‌وێت كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامبدات".

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "وه‌ك ئاماده‌سازیی بۆ هه‌ر مه‌ترسی‌و جموجۆڵێكی تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌دا، به‌شێك له‌یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چوغ‌و باكوری مه‌خمور خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌ ((تەنها مه‌به‌ست لەو ئامادەسازییەی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ڕێگریكردنه‌ له‌کردەوەی تیرۆریستان‌و پاراستنی سه‌قامگیریی‌و ئاسایشی ناوچه‌كه‌، پێشوتریش هۆشداریماندابوو، له‌مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌دا، كه‌ به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقدا هەیە)).

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "به‌رده‌وام داوای هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی سەربازیمان كردوه‌ بۆ تێکشکانی تیرۆریستان".