بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیكرد لە مارك برایسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و دەیڤد هەنت، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە دیدارێكدا كە لە دەباشان بەڕێوەچوو، گفتوگۆی ھەمەلایەنە كرا لەسەر پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەكان و ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دوای ھەڵبژاردن، هەوڵەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق، لێكەوتەكانی ناسەقامگیری سیاسی و دەرئەنجامی ھەڵبژاردن كراو بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئەوەی ھیوای سەركەوتن و دەستپێكێكی باشی بۆ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق خواست، پشتیوانی و ھەماھەنگی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ سەرخستنی ئەركەكانی و پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و پێزانینی دەربڕی بۆ پشتیوانییەكانیان لە گەلی كورد و ھێزی پێشمەرگە.
ھەر لە دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیكردەوە ئەم ھەلومەرجە سیاسییەی بەعیراقدا تێدەپەڕێت جێی نیگەرانیمانەو ناكۆكییەكان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات، بەڵام ئێستاش دەرفەتی باشمان لەپێشە تا جیاوازییەكانمان بخەینە خزمەت بەرژەوەندی گشتی و پێكەوە زەمینەی گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە بڕەخسێنین و رێكبكەوین لەسەر میكانیزمەكانی پێكھێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار كە بتوانێت لە ئاست داوای خەڵك و بوژاندنەوە و گەشەپێدانی زیاتری عێراق و ھەرێم بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەكان و جموجۆڵی پاشماوەكانی داعش و بۆشایی ئەمنی لە ھەندێ ناوچەی كێشەلەسەر و عیراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بەردەوامی ململانێ سیاسییەكان دۆخی ئەمنی بەرەو خراپتر دەبات، بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدییەكاندا پێویستە سەنتەرەكانی ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە، سوپای عیراق و ھێزەكانی ھاوپەیمان كاراتر بكرێن، پلان و ستراتیژی ھاوبەش ھەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و رێگریكردن لەجموجۆڵەكانیان.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە كرا و بۆچونیان لەبارەوە خرایەڕوو.