ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەم حكومەت فێری ڕاو ڕووت بووە، لە بیانو دەگەڕێت، بەتەنها كۆمپانیاكانی پارتی مانگانە بەقەد نیوەی هاوڵاتیانی هەرێم پارەیان دەست دەكەوێت لە داهاتی نەوت كە نزیكەی ٣٠٠ ملیار دینارە جگە لەو پارەیەی لە قاچاخچێتی لە خاڵە سنوریەكانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی وەلید دەستیان دەكەوێت و بەڕۆژی ڕووناك دەیخۆن.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، دەستی چەوری خۆتان بە سلێمانی مەسڕن، داهاتی زانكۆكانی سلێمانی مانگانە ٤ ملیار دینارە كە دەینێرن بۆ هەولێر، بەڵام حكومەت مانگانە ملیارێكیان بۆ دەنێرێتەوە، ئەم حكومەتە چەند ساڵە ئامادە نیە مانگایەك بكڕێت بۆ كۆلێژی ڤێتێرنەری سلێمانی و پارەی دەستەیەك سابونیان بۆ سەرف ناكات وەك ئەوەی سلێمانی بەشێك نەبێت لە كوردستان .ئێمە حەزدەكەین هەموو كوردستان ئاوەدان بێت بەس كەی ڕەوایە پارە هەبێت بۆ ڕێگای هەولێر دهۆك، تونێلی پیرمام سەری ڕەش، شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری و ئێستاش ١٥٠ مەتری بەڵام پارەنەبێت بۆ چاكردنی ڕێگای كەلار سلێمانی، ڕانیە سلێمانی و شەقامی ١٠٠ مەتری كە بەپێی ئامارە فەرمیەكان ڕۆژانە بەهۆی خراپی رێگاوبانەكانەوە دوو كەس گیان لەدەست دەدەن و زیاتر لە ١٣ كەس بەتەنها لە ڕۆژێكدا برینداردەبن كە ئۆباڵیان بە ئەستۆی سەرۆكی حكومەتە.
وتیشی، تۆ بڵێی تاوانی سلێمانی چی بێت یان دەتانەوێت سزای سیاسی و ئابوری سلێمانی بدەن تەنها لەبەر ئەوەی خەڵكەكەی پارتیان قبوڵ نیە. بەڕاست كێ قاچاخچێتی دەكات و پارە و قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی بەش مەینەتی ئەم ووڵاتە دەخوات. بێزەحمەت پێم ناڵێن داهاتی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل دەروازەی وەلید چەندەو دەچێتە گیرفانی كێوە .
ڕونیشیکردەوە، پێم ناڵێن جاران نەوت بە كەمتر لە ٢٠ دۆلار بوو مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەچوە وەزارەتی درایی ئەی ئێستا كە نەوت بە ٧٠ دۆلارە بۆ هەر ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەنێرن بۆ وەزارەتی دارایی باقیاتەكەی كێ دەیخوات ،پێم ناڵێن ئەو پارە زۆرەی كە دەمێنێتەوە لە موچە كە زیاترە لە ٣٠٠ ملیار دینار چی لێدەكەن؟ كەچی موچەكەشی بەجوانی لێ دابەش ناكان، بەڕاست پێم ناڵێن لەدوای ٢٠٠٦ و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە چەند كیلۆمەتر لە هەولێر قیرتاوكراوەو چەند جادەو پردو تونێل كراوە بۆ هەولێرو چەندیش بۆسلێمانی؟
پێم ناڵێن چەندە وەبەرهێنان كراوە لە بواری نەوتدا لە زۆنی زەرد و چەندیش لە زۆنی سەوز؟ حكومەتی هەرێم بەپێی ئەو داتایانەی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە مانگانە ٤٣٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەو داهاتەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت ٧٠٠ ملیار دینارە، داهاتی ناوخۆو خاڵە سنوریەكان ٣٠٠ ملیار دینار هاوكاری هاوپەیمانان ٢٠ ملیار، كەواتە حكومەت مانگانە بێ پارەكەی بەغدا كە ٢٠٠ ملیار دینارە، زیاتر لە یەك تریلۆن دینار داهاتیەتی و بۆ دابەشكردنی موچە پێویستی تەنها بە ٩٠٠ ملیار دینارە كەواتە حكومەت ئەگەر لە بیانو نەبێت ئەوا دەتوانێت هەموو مانگێك بێ پارەكەی بەغداش موچە بەتەواوی دابەش بكات و زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناریشی بۆ دەمێنێتەوە ئەگەر پارەكەی بەغداش بێت ئەوا ٣٠٠ ملیار دیناری زیادە و ئەگەر كۆی پارەی نەوتیش بەشەفافی بگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت ئەوا ٦٠٠ ملیار دیناری زیادە و ئەوكاتە حكومەت دەتوانێت مانگانە موچەو نیوێك سەرف بكات نەك هەفتەی موچەی وەزارەت و دەستەیەك بەجنگە خشكێ.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، لە كۆتایدا دەڵێم ئەم ناحەقیە گەورەیەی لە خەڵكی كوردستان و بەتایبەت سلێمانی ئازیز دەیكەن ڕەنگە چیتر بڕ نەكات و چیتر یەكێتی و خەڵكی سلێمانی ئەم سەبری ئەیوبەیان نەمێنێت.
سازدانی - کامەران کەریم