مه‌سرور بارزانی داوای بەهێزترکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە، سوپای عێراق و هاوپەیمانیی دژ بە داعش دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گوندنشینانی كورد له‌ سنووری قه‌زای مه‌خموور په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و  هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت".
ده‌قی په‌یامه‌كه‌
بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک هاووڵاتی و پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هاوخەمیانین، خوای میهرەبان گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە خێزان و کەسوکارەکانیان ببەخشێت، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و  هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دووپات دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان