دوای تەواو كردنی قۆناغی یەكەمی خولی فێركردن و راهێنانی رۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی، قۆناغی دووهەمی خولەكە لە تاران تەواو دەكرێت، خولی فێركردن و ڕاهێنانی (شێوازی داڕشتنی راپۆرت) و (چۆنێتی دروستكردنی هەواڵ) لە رۆژی 4-12-2021، لە ناو رێكخراوی CDO لەشاری سلێمانی دەستیپێكرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، خولەكە لە چوارچێوەی چالاكییەكی هاوبەشی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و رۆژنامەی جام كورددا بەهاوكاری رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت - CDO بۆ 30 رۆژنامەنووسی شاری سلێمانی رێكخرابوو.
وانەكانی خولەكە لەلایەن مامۆستایان شەهریاری گەنجی، سەید عەلی محەمەد رەزەویی و حەسەنی رەزاییەوە پێشكەشكران كە سێ ئەكادیمستی شارەزا و راهێنەری نێودەوڵەتیین و لە زانكۆكانی ئێرانەوە بە تایبەتی بۆ ئەو چالاكییە ئەكادیمییە هاتبوونە سلێمانی.
لە خولەدا كە پێكهاتبوو لە 20 سەعات وانەی تیۆریی و پراكتیكیی، رۆژنامەنووسان بەسەر سێ ئاستی جیاوازی بەشداربوواندا دابەشكرابوون، چەندین بابەتی گرنگ پێشكەشكران لەوانە زانیارییە میدیاییەكان و كاریگەرییەكانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا لەسەر دانیشتوانی جیهان و كۆمەڵگا بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی هەروەها جیاوازییەكانی هەواڵ و داڕشتنەوەی راپۆرت لە میدیاكانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا و چەندین زانیاری تری میدیایی.
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەكەمی خولەكەش لەمەراسیمێكدا كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان و رۆژنامەنووسانی بەشدار و رێكخراوی CDO ی گەیاندە مامۆستایانی بەشداری خولەكە و نوێنەری رۆژنامەی جام كورد و خەڵاتی رێزلێنانی لقی سلێمانی - سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانیشی پێ بەخشین .
بڕیاریشە لە قۆناغی دووەمی ئەو چالاكییە هاوبەشەدا، دوای هەڵسەنگاندنی ئاستی توانا و بەشداریی كردنیان، ژمارەیەك لەو رۆژنامەنووسانە سەردانی تارانی پایتەختی ئێران بكەن بۆ تەواوكردنی كۆرسی دووەم و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باوەڕپێكراوی خولەكە.