ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا رایگەیاند، ئەمەریکا ئاسمان و خاک و ئاوى عێراق بەکارناهێنێت دژى هیچ وڵاتێکى دراوسێ و ئەمە بەپێی رێککەوتنی ستراتیژىیە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، برێت مەک گۆرک ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا  لەمیانەى کۆبوونەوەیدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق لە ( 12ی كانونی یەكەمی 2021) ڕایگەیاند: "ئەمەریکا پابەندە بە ئەنجامەکانى چوارچێوەى ستراتیژى لەگەڵ عێراق، بەپێی رێککەوتنەکە ئەمەریکا ئاسمان و خاک و ئاوى عێراق بەکارناهێنێت دژى هیچ وڵاتێکى دراوسێ".  
جەختیشی کردەوە؛ ئەمەریکا پشتیوانى بەهێزى باشکردنى هێزە عێراقییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و دوژمنى هاوبەشیان داعشە.  
مەک گۆرک وتیشى "هێورکردنەوە لە بەرژەوەندى وڵاتدایە، عێراق هەوڵدەدات بۆ تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە و هەنگاو نان بەرەو رەخساندنى ئاسایش و سەقامگیریی و باشکردنى تواناکانى لەسەرجەم بوارەکان".