کۆشکی سپی لە ڕاگەیێندراوێکدا سەبارەت بە سەفەری برێت مەکگۆرگ، رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆشکی سپی بۆ عێراق، ڕایگەیاند ناوبراو لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، جەختی لە سەر پابەندیی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ستراتیژی و بردنەدەرەوەی هەموو هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایڵە، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق نامێنێتەوە و ئەو هێزەی هاوپەیمانان کە دەمێنێتەوە تەنها ڕۆڵیان ڕاوێژکارییە.
کۆشکی سپی جەخت لە سەر ئەوەش دەکاتەوە کە "هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پێدانی ڕاوێژکاری لە شەڕی دژی داعش" و هاوکات جەخت لە پابەندبوونی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق کردووە و برێت مەکگۆرگ ئەمەی بە بەرپرسانی عێراقی و کورد ڕاگەیاندووە.
دەشڵێت؛ "ئەرکی ڕاوێژکاری هاوپەیمانان لەسەر داوای حکومەتی عێراقە."