وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ دیپلۆماتکارێکی خۆی لە ئەورووپا بە تووندی ئیدانە دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە دەرکردنی حوکمێکی لەو شێوەیە لەلایەن دادگای ئانتۆرپی بەلژیکاوە لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی تاقمی تیرۆریستی مونافقین (موجاهیدینی خەڵق) بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، " سەعید خەتیب زادە" لە کاردانەوەی دەرچوونی حوکمی دادگای ئانتۆرپی بەلژیکا سەبارەت بە " ئەسەدوڵڵا ئەسەدی " دیپلۆماتی ئێرانی، ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران بەتووندی دەرکردنی بڕیاری حوکمی ۲۰ ساڵ زیندانی کردن بۆ بەڕێز " ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" دیپلۆماتی وڵاتەکەمان، ئیدانە دەکات.
وتیشی: هەروەها کە پێشتریش ڕامانگەیاندووە هەموو قۆناغەکانی دەستبەسەر کردنی بەڕێز ئەسەدی پرۆسەی دادگای کردنەکە و دەرکردنی ئەم حوکمەی دواییە نایاسایی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت کۆنواسیۆنی ۱۹۶۱_ی ڤییەنا لەمەڕ پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکان بووە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک بەفەرمی نایزانێت.
خەتیب زادە لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: بەداخەوە بەلژیکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی، لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندە دوژمنکارەکانی تاقمی تیرۆریستی مونافقین لە خاکی ئەورووپا، بڕیارێکی نایاسایی لەم شێوەیان داوە. کەواتە دەبێت وەڵامی هەموو پێشێلکارییەکانی مافەکانی دیپلۆماتەکەی وڵاتەکەمان بدەنەوە بەتایبەت ئەو دۆخە نامرۆڤانەی کە بەڕێز ئەسەدی لە ئەڵمانیا و بەلژیکا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
کۆتایی/.