بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێم لەبەغدا دڵنیایی دەدات لە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا كراوە، ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
راشیگەیاندووە، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەپێی یاسای ئیدارەی مالی بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوامی دەبێت، چونكە ئەم بابەتە بەپێی یاسا بۆ هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش رێكخراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر هات و پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 لە عێراق پەسەند نەكرا، ئەوە بەپێی یاسا، جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی نێو پرۆژەیاسای 2021 بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بۆیە بەم پێوەرەش بێت، حكومەتی عێراق لە ناردنی بڕە پارەكە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت.
ئەو لێدوانەی فارس عیسا دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ دوو شەممە بڕی 200 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێم نارد، ئەوەش گومانی ئەوەی لای هاوڵاتیان دروستكرد كە بەغدا ناردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم راگرتبێت.
لەگەڵ ناردنی پارەكەش وەزارەتی دارایی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو باسی لەوەكرد، سەرەڕای دواکەوتنی بۆ ماوەی چەندین رۆژ، بەڵام دواتر بەغدا 200 ملیار دینارەكەی بۆ ناردوون.