باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی کردنەوەی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی ئێران لە ھەولێر جەختی لە سەر گرینگی پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پارکی سامی عەبدۆلڕەحمان لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر، پێشانگایەکی نێودەوڵەتی ئێرانی لە لایەن ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق و ژمارەیێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە وتاری دەستپێکردنی پێشانگاکە کە ٦٠ کۆمپانیای ئێرانی تێیدا بەشدارە، وتی: دەمانەوێت پێوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین.
مەسجدی وێڕای ئاماژە بەوەی کە پێوەندییەکی بەهێزی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەیە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە؛ دەمانەوێت هەرێمی کوردستان هەناردەی بۆ ئێران هەبێت.
ڕاشیگەیاند: ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت و هەر بۆیە یارمەتیدەری بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە دەبین.
ناوبراو داواشی کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بازرگانان کرد کە سەردانی ئێران بکەن و توانا ئەندازیارییەکانی ئەم وڵاتە لە نزیکەوە ببینن و باشترین کۆمپانیا بۆ هاوکاری هەڵبژێرن.
باڵیۆزی ئێران لە عێراق، وێڕای سەرەخۆشی لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی بوونە قوربانی ١٢ هاوڵاتی لە لافاوەکەی هەولێردا، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە خەڵکی هەرێم لە چاو کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ خەڵکی ئێران نییە و ئەم ڕوانگەیە گۆڕانی بەسەردا نایەت و تەنانەت ناکەوێتە ژێر کاریگەریی بابەت و پێوەندییە سیاسییەکانەوە.