ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان ره‌خنه‌ی توندی له‌ حوكمڕانانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، جێگه‌ی داخه‌ كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ پاش شۆڕش و خه‌باتێكی فراوان به‌م ئه‌نجامه‌ گه‌یشت "له‌سه‌ر ده‌ستی نوخبه‌یه‌ك كه‌ ساڵانێك به‌ پاڵه‌وان ناسران"، به‌ڵام ئه‌مڕۆ روی گله‌یی و تۆمه‌ت ده‌خرێته‌ سه‌ریان، ده‌شڵێت، "سه‌رنه‌كه‌وتن له‌ ئیداره‌ی وڵات و حوكمڕانی و پاراستنی دروشمی كوردایه‌تیدا، سه‌ركه‌نه‌وتن له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی وڵاتدا".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌میانی وتارێكدا له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتوی خوشكان له‌ سلێمانی رایگه‌یاند، "مه‌ینه‌تییه‌كانی كوردستان ملیانكردوه‌ به‌ یه‌كدا و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر و زه‌حمه‌تی زۆر، ته‌نانه‌ت بارانی ره‌حمه‌ت بۆ به‌ زه‌حمه‌ت بۆ براو خوشكانی هه‌ولێر، نازانین چیتریش به‌ڕێوه‌یه‌، گه‌نجانمان له‌سه‌ر سنوره‌كانی بیلاڕوسیاو له‌ ده‌ریا ئیجه‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگیانین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌رمه‌كانیان بهێننه‌وه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتی ده‌زانن".

 هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "جێگه‌ی داخه‌ كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ پاش شۆڕش و خه‌باتێكی فراوان به‌م ئه‌نجامه‌ گه‌یشت له‌سه‌ر ده‌ستی نوخبه‌یه‌ك كه‌ ساڵانێك به‌ پاڵه‌وان ناسران، به‌ڵام ئه‌مڕۆ روی گله‌یی و تۆمه‌ت ده‌خرێته‌ سه‌ریان، سه‌رنه‌كه‌وتن له‌ ئیداره‌ی وڵات و حوكمڕانی و پاراستن دروشمی كوردایه‌تیدا، سه‌ركه‌نه‌وتن له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی وڵاتدا".

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌وه‌ خراتره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام پاساو ده‌هێنرێته‌وه‌ و پینه‌وپه‌ڕۆ ده‌كرێت و ره‌خنه‌گر یان به‌رهه‌ڵستكار یان ئه‌و كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵیان نه‌بێت تۆمه‌تبار ده‌كرێت ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت دوچاری سزا ده‌كرێت، گرفتاریه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ناخۆشه‌ و دوكه‌ڵی به‌چاوی هه‌موماندا چوه‌ و ئاواتمان بۆ نه‌خواستوه‌ و نه‌شمان ویستوه‌ واده‌ربچێت، نه‌مان ویستوه‌ حاڵه‌تی سیاسی و ئیداری ئه‌م هه‌رێمه‌ بگاته‌ ئه‌م ئاسته".

 سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین باسی له‌وه‌شكرد، "بێمنه‌تی و گوێنه‌دان و ئاماده‌بونی تۆمه‌تی ئاماده‌كراو به‌رده‌وامه‌، بێمنه‌تی گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستێك له‌كاتێك كه‌ لافاو كه‌ راسته‌ حاڵه‌تێكی سروشتیه‌ به‌ڵام هۆكار و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان و هۆكاره‌كانی ده‌خوازێت به‌لانیكه‌م خه‌ڵك له‌ وڵاتان پرسه‌ و ماته‌مینی راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام لای ئێمه‌ ئاهه‌نگه‌ و پێشكه‌وتنه‌ له‌ دهۆك و سلێمانییه‌وه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن كه‌ كامیان ئاهه‌نگی زۆرتر و په‌سه‌ندتر لای خه‌ڵكی بێگانه‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ شه‌رمه‌زارییه‌ و بێمنه‌تییه‌كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر خراپدایه‌ و ده‌سه‌ڵات خۆی گێل ده‌كات له‌ ئاستی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ و خراپه‌".