کتێبی "نیوەڕێ"، كە باس لە نەهامەتییەکانی ڕێگا نایاساییەکانی کۆچ بەرەو ئەوروپا دەکات، لەلایەن چاپخانەی حەمدی لە سلێمانی لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوكرایەوە.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، زامدار ئەحمەد نووسەری كتێبەكەیە، دەڵێت: "كتێبەکە کاتێک نووسراوە، كە خۆم یەكێك بووم لە كۆچبەرە نایاساییەكانی ڕێگای ئەوروپا، لە كاتی دەستگیركردن و زیندانیم لە زیندانی "لۆبۆمێز)"ی شاری لۆبۆمێز-ی بولگاریا، سەرگوزەشتە و بیرەوەریی هاوڕێ زیندانییەكان و خۆم نووسیوەتەوە”.
زامدار لە کتێبی "نیوەڕێ"دا باس لە بیرەوەرییەکانی ڕێگای کۆچ بەرەو ئەوروپا دەکات، کە بەشێک لەهاوڕێ کۆچبەرەکانی، لەكاتی هەوڵیان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا "كوێر بوون، یان قاچیان شكێندراوە، یان سنگیان كون كراوە."
نووسەر دەڵێت: "دەشێت ئەم كتێبە وەكو یەكێك لە ڕێگاكانی هۆشیاركردنەوەی گەنجانی كورد سەبارەت بە نەهامەتی و خراپی و ترسناكیی ڕێگای ئەوروپا سوودی هەبێت."