کەسێک بەرگرى شارستانى هەولێری ئاگادارکردوەتەوە کە لە رێگەى ئامێرێکەوە شوێنى تەرمى دانەرى 10 مانگەی دیاری کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە تیمى گەڕان بەدواى تەرمى دانەر لە بەرگرى شارستانى هەولێر ڕایگەیاند؛ لەلایەن کەسێکەوە ئاگادارکراوینەتەوە لە دیاریکردنى شوێنى تەرمەکە لە رێگەى ئامێرێکەوە کە گوایە لە بەنداوی عەوێنەی دەشتی شەمامکە.
ڕاشیگەیاند: سبەینێ تیمى غەواس دەنێرێنە ئەو شوێنە بەو هیوایەى تەرمەکە بدۆزینەوە، هەرچەندە پێشتر تیمەکان زۆربەى شوێنەکان گەڕاون.
ئەو کەسەى کە بانگەشەى ئەوە دەکات شوێنى تەرمەکەى دیاریکردووە دەڵێت لەرێگەى وەرگرتنى نمونەى خوێنى خێزانەکە و منداڵەکەوە بە ئامێرێکى ئەلیکترۆنى شوێنى تەرمەکەى دیاریکردووە. ئەوەش دواى نزیکەى 10 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونى ئەو منداڵە بەهۆى لافاوەکەى هەولێرەوە.