بەمەستی گرنگیدان بە ژینگەی ناوچەکەو فراوانکردنی ڕووبەری سەوزای لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیاندا بەهاوکاری هەریەکە لە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان و فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان و کۆمپانیای ڕوناکی شار  کەکۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە  گەورەترین پرۆژەی سەوزایی لەسەرئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە

دکتۆر دورەید سەلیم بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان بە پەیامنێری زایەڵەی ڕاگەیاند: لەسەر پێشنیاری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان و بەهاوکاری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و کۆمپانیایی ڕوناکی شار،  زیاتر لە  ٩٠٠٠م۲ زەوی تەرخان کراوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

وتیشی: ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە ناو سنوری زانکۆی گەرمیان و لەئێستادا دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە و بەتەوابونی ئەوپرۆژەیە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی سەوزایی لەناوچەکەدا زیاددەکات.

دکتۆر دورەید سەلیم بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان باسی لەوەشکرد: لەبەرئەوەی زانکۆی گەرمیان ناوەندێکی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری گرنگە لەناوچەکەداو خزمەتێکی زۆری کردووە بەگەرمیان و هەروەها ڕێژەی پێویستی سەوزای تێدا نییە، بۆیە  بەباشمان زانی ئەو پرۆژەیە ببەینە ناو زانکۆ و  لەوێدا پرۆژەکە جێبەجێ بکەین.

لای خۆشیەوە دکتۆر فەرهاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ زایەڵە باسی لەوەکرد: بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان و کۆمپانیای ڕوناکی شار، بەمەبەستی سەوزکردنی کەمپی زانکۆ لە بەردەسور کە پانتاییەکی زۆر پێویستی بە سەوز کردنە دەستمان کردووە بەجێ بەجێکردنی پرۆژەی سەوزکردنی زانکۆ و ماوەی دە ڕۆژە پرۆژەکە دەستی پێکردوە و وابڕیارە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان  ڕونیشی کردەوە: ئەمە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەیەو  وابڕیارە لەداهاتوودا، دوو پرۆژەی دیکەی هاوشێوە جێبەجێ بکرێن، کەئەوانیش لەپێناو سەوزکردنی زانکۆدایە،چونکە زانکۆ ناوەندێکی مەعریفی باڵایەو هەروەها شوێنێکی دیاری ناوچەکەیەو دەمانەوێت بەشێوەیەکی شارستانیانەو مۆدێرن لەپانتایەکانی سەوزایی و ئەو ستانداردە جیهانیانەی کەداوادەکرێت لە زانکۆکاندا جێی بکرێتەوە.

لەبەرامبەریشدا  توانا تۆفیق بەڕێوەبەری پرۆژەکانی کۆمپانیای ڕوناکی شار بۆ پەیامنێری زایەڵە، ئاشکراکرد: کۆمپانیاکەمان ماوەی چەندساڵێکە لە گەرمیاندا خەریکی خزمەتکردنە لەهەموو ڕویەکەوە و  لەئێستاشدا  لەسەرپێشنیاری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان بەباشمان زانیوە پرۆژەیەکی لەوشێوەیە لەناو زانکۆی گەرمیاندا جێ بەجێ بکەین

وتیشی: ئەم پرۆژەیە ٩٠٠٠م۲ زەوی بۆ تەرخانکراوە و  لەئێستادا پرۆژەکە لەبواری جێبەجێ کردن دایە و وەها چاوەڕواندەکرێت لەداهاتویەکی نزیکدا تەواوببێت .

توانا تۆفیق بەڕێوەبەری پرۆژەکانی کۆمپانیای ڕووناکی شار ڕونیکردەوە: ئێمە یەکەمین کۆمپانیای کەرتی تایبەتین لەسەرئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پرۆژەیەکی گەورەی لەو شێوەیە جێبەجێ بکەین و داواش لەهەموو کۆمپانیاکانی دیکە دەکەین کەبتوانن پرۆژەی هاوشێوە لەگەرمیاندائەنجام بدەن و خزمەت بە ژینگەی ناوچەکە بکەن.