ڕۆژنامەنوسێک بۆ زایەڵە، وتی: تەنها یەک داخوازی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراق جێبەجێکرا، ئەویش هەڵبژاردن بوو کە نەبووە هۆی گۆرانکاری.
چۆمان عوسمان ڕۆژنامەنووس لە وتووێژێ لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، عێراق بەرەو چارەنوسێکی نادیار، تا ئێستا پێشبینیەکان ئەوەن، هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق وەک خۆی دەمێنتەوە، بەپێی ڕێککەوتنی سەدر و حەلبوسی و حیزبە کوردیەکان.
وتیشی، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدار دەبێت و پێمان دەڵێت، عێراق نەک هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست نەکرد، بەڵکوو دۆخەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بێدەنگ کرد و جارێکی دیکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار وئاڵۆزی دەڕوات، چونکە تەنها یەک داخوازی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراق جێبەجێکرا، ئەویش هەڵبژاردن بوو. ئەویش گۆرانکاری نەکرد.
ڕونیشیکردەوە، عێراق بەرەو قۆناغێکی داتەپینی ئابوری دەڕوات و هیچ بەدیلیش نیە بۆ بوژاندنەوەی وڵاتەکە، بەوەش ژیانی هاوڵاتیانی بەش مەینەتی وڵاتەکە خراپتر دەکات.
باسی لەوەشکرد، تائێستاش ئەوەی زۆرە، بەڵێن و دروشمە، نەک گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەڕێوە بردن و کۆتای هێنان بەگەندەڵی و بەهێز کردنی سەرچاوەی داهاتی عێراق.ئەو دۆخە پێمان دەڵێت، تووڕەبونی عێراقیەکان زیاتر دەبێت ڕۆژ بەڕۆژ و ناڕەزایەتەکانیش زیاتر دەبن، چارەنوسیش نادیارە و دۆخەکەش مەترسیدار، عەقڵێکیش نیە بۆ ڕزگار بونی عێراق لەو دۆخە.
سازدانی - کامەران کەریم