فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە هێشتاکە وڵاتەکەی بە تەواوەتی تۆڵەی سەخت و کوشندەی لە ئەمریکا نەکردۆتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی دەبێ چاوەڕێ ئەو تۆڵەیە بن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لیوای پاسدار حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران لە وتارێکدا مووشەکبارانی پێگەی سەربازیی عەین ئەسەد لە عێراقی بە زلەیێکی ئێران لە ئەمریکا وەسف کرد و ڕایگەیاند هێشتاکە تۆڵەی سەخت لە ئەمریکییەکان نەکراوەتەوە و دەبێ چاوەڕێ بن.
ناوبراو بە ئاماژە بە تیرۆری قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە لە حاڵێکدا کە ناوبرا میوانی فەرمی عێراق بوو، وتی: بەرپرسانی ئەمریکی دەبێ باش لەوە تێبگەن کە ناتوانن هێرش بکەنە سەر گەلێک و تۆڵەیان لێ نەکرێتەوە.
فەرماندە سوپای پاسدارانی ئێران، وێڕای ئاماژە بەوەی کە وڵاتەکەی لە قۆناغی دژوار تێپەڕێوە و ئێستاکە لەوپەڕی بەهێزی دایە، جەختی کرد کە هیچ نیگەرانییەکیان لە نەیاران نییە.