وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌مه‌ڕ نوێكردنه‌وه‌ی لیستی گه‌مارۆی كه‌سانی ئه‌مریكی كه‌ ده‌ستیان له‌ تیرۆری شه‌هید حاجی قاسم سوله‌یمانی و هاوڕێكانی دا هه‌بوو، به‌یاننامه‌یێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دەقی بەیاننامەکەی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی خوارەوەیە؛
بسم الله‌ الرحمن الرحیم
وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی یاسای"به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێشێل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و كرده‌وه‌ سه‌ركێشی و تیرۆریستیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا" به‌ تایبه‌ت ماده‌كانی 4 و 5ی یاسای سه‌ره‌وه‌، وێڕای گه‌مارۆ خستنه‌سه‌ر به‌رپرسه‌ باڵاكانی حكومه‌تی پێشووی ئه‌مریكا وه‌ك دۆناڵد تره‌مپ (سه‌رۆك كۆماری پێشوو)، مایك پۆمپێئۆ (وه‌زیری پێشووی كاروباری ده‌ره‌وه‌)، جۆن بۆڵتن (راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی)، مارك اسپر (وه‌زیری پێشووی به‌رگری)، جینا هاسپێل (سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای سی ئای ئه‌ی)، كریستۆفه‌ر میله‌ر (وه‌زیری پێشووی به‌رگری به‌ وه‌كاله‌ت) و ستیڤان منوچین (وه‌زیری پێشووی خه‌زێنه‌-دارایی) ئه‌مریكا و هه‌روه‌ها میتو تالر (باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا)، ستیڤ فه‌یگن (جێگری پێشووی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا) و راب واله‌ر (سه‌ركونسوڵی پێشووی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر) كه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌ك له‌ به‌رواره‌كانی 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 و 19ی كانوونی دووه‌می 2021ی زاینی خراونه‌ته‌ لیستی گه‌مارۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێ كراوه‌ به‌هۆی رۆڵ بینینیان له‌ تاوانی تیرۆریستی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دژی سه‌رداری شه‌هید حاجی قاسمی سوله‌یمانی و هاوڕێكانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی تیرۆریزم و پێشێل كردنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی مرۆڤ خستووه‌ته‌ لیستی ره‌شه‌وه‌.
  كه‌سانی ئاماژه‌پێكراو، به‌پێی كه‌یسه‌كانیان له‌ بڕیاردان، پلان دانان، رێكخستن، پاڵپشتی دارایی، پشتیوانی، رێبه‌ری كردن و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی سه‌ره‌وه‌ به‌شداریان كردووه‌ یاخود له‌ ڕێی پشتگیری له‌م تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ كه‌ تیرۆریزمیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ له‌ ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، خراونه‌ته‌ لیستی گه‌مارۆكانه‌وه‌.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌م كاره‌ تیرۆریستیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا پابه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی له‌ بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و پاڵپشتی دارایی بۆ كاری تیرۆریستی به‌ تایبه‌ت خۆپارێزی له‌ رێكخستنی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان و هه‌روه‌ها پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی پێشێل كردووه‌ و دووچاری ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی لاده‌رانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بووه‌.
  وێڕای دووباره‌ جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ئاست ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی لاده‌رانه‌ی ئاماژه‌پێكراو، وه‌بیر هه‌مووانی ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی خۆی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و پاڵپشتی تیرۆریزم، به‌ تایبه‌ت به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزمی حكومی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ ئامانجی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ی كاری هاوتا، گه‌مارۆ ئاماژه‌پێكراوه‌كان له‌ دژی كه‌سانی سه‌ره‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.
  روونه‌ كه‌ ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ی ئه‌مریكا هیچ كه‌لێنێك ناخاته‌ نێو خواستی شێلگیرانه‌ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ ره‌وتی پڕله‌ شانازی سه‌رداری شه‌هید سوله‌یمانی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن.
  پاڵپشت به‌ خاڵه‌ ئاماژه‌پێكراوه‌كانی سه‌ره‌وه‌ و ناوه‌ڕۆكی یاسای "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێشێل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و كرده‌وه‌ سه‌ركێشی و تیرۆریستیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا"، ته‌واوی یه‌كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاری پێویست ده‌كه‌ن بۆ به‌جێگه‌یاندنی گه‌مارۆ ئاماژه‌پێدراوه‌كان له‌ یاسای ناوبراودا.