سەرکردەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامی  باسی لایەنی ئابوری کوردستان دەکات کە چەندە ژێرخانی ئابوری دەوڵەمەندە، بەڵام بەردەوام تراژیدیا تێیدا بەردەوام دەبێت .
عەلی  حاجی  زەڵمی ئەندامی سەرکردایەتی  بزوتنەوەی   ئیسلامی  لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند،  سەرەڕای ئەم ھەموو دەرد و پەتایە کە جەستەی ھەرێمی کوردستانی داتەنیوە، بەتایبەت لە زەمەنی بەناو دیموکراسی و ھاوپەیمانی سیاسی ھەمەجۆرو فرەرەنگ و حکومەتی بەناو بنکە فراوان و راگەیاندنی دەیان نەخشە و پلانی ئابووری و فرۆشتنەوەی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی بێکرداری و پڕۆگرامی پان و پۆڕی ئابووری، دەرکردنی یاسا و رێسا و رێنماییە بێبەرھەمەکانیان و کردارەکانی مەسح و روپێو و دەرھێنانی نەوت و دۆزینەوەی بیرە نەوتی زیاترو ھەبوونی دەیان سەرچاوەی کانزایی و داھاتی دیکەی بەنرخ و پڕ خێرو بەرەکەت و لەسەرو ھەموشیانەوە ئاشکرا کردنی گەورەترین بودجەی زەبەلاحی وڵات کە لەسەرو بودجەی ساڵانەی چوار وڵاتی ھەرێمی دەوروبەری خۆیەوە بە یەکجار دەبوایە بەپێی ئەو ھەموو نەخشە و پلان و پڕۆگرامە ئابووریە پان و درێژانەو بەپێی ئەو بودجە زەبەلاحە .
وتیشی،  دەبوایە ئێستە دانیشتوانی کوردستان بە سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و رەگەزی و ئایینی و مەزھەبی و ھۆز و تیرەکانی دیکەیەوە گەلێک زیاتر لە دانیشتوانی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و چین و ژاپۆن و دانیشتوانی کەنداوی خوارووی سنووری عێراق زیاتر  خۆشتر و ئارامتر و ئاسوودەتر بژیانایە، دەبوایە ھەندێک لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە لەبەر بێکاری و ناجێگیری باری ئابووری و سیاسییان پەنایان بۆ ئەم وڵاتە پڕ خێرو بەرەکەت و کاروبارە زۆرانە بھێنایە و داوای مافی پەنابەرێتی مرۆیی، یان سیاسیان لێبکردینایەوە، لە ھەمانکاتدا نەخۆشخانەی فرە پێشکەوتووی وەھاشی تیادابوایە، کە نەک ھەر ھاوڵاتی و سەرکردەو لێپرسراوو سەرەک وەزیر و سەرکۆماری خۆمانی تیادا چارەسەر بکرایە، بەڵکو ھاوڵاتیانی وڵاتەکانی دیکە و سەران و بەرپرسانی نەخۆشی ئەو وڵاتانەشی تیادا چارەسەر بکرایە، نەک دەیان ملیۆن دۆلار لە چاوتروکانێکدا بۆ چارەسەری پزیشکی گەورەترین کەسایەتی وڵاتمان لەوڵاتانی دیکە خەرج بکرایە و ھاووڵاتی سادە و ساکاری تریش بەدەست دیارترین دەرد و نەخۆشی خۆی و منداڵەکانیەوە بناڵێنێت و کەچی لە سادەترین خزمەتگوزاری ئاسایی پزیشکی و چارەسەرەکان بێبەش و مەحروم بێت.
سازدانی - کامەران کەریم