پۆلیسی ههولێر له راگهیهندراوێكدا ئاشكرایكرد، شهوی رابردوو، له یانهیهكی شهوانهی ههولێر چەندین کاری نایاسایی و بەدەر لە ئادابی گشتی ئهنجامدراون و بهو هۆیهوه 77 ئافرهت و 102 پیاو دهستگیركراون و دهستیش بهسهر بڕێكی زۆری كهلوپهلی بهكارهێنانی ماددهی هۆشبهر و جۆرهها حهبدا گیراوه.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دهقی بهیاننامهكه بە شێوەی خوارەوەیە؛
بەیاننامەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر
لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر بۆ ڕێکخستنی یانەکانی شەوانە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو بە بوونی شوێنێک لەناو شاری هەولێر کەوا چەندین کاری نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان و بەدەر لە ئادابی گشتی و پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی تێدا ئەنجام دەدرێت،
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوێنێ درەنگانی شەو تاکو بەرەبەیان لەو شوێنە (102) پیاو و (77) ئافرەت دەستگیر کران وە هەروەها خاوەنی شوێنەکەش دەستگیر کرا.
هەروەها دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرستەی قەدەغەکراو و جۆرەها حەبدا گیرا.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کرایەوە و لە کاتی ئێستادا تۆمەتباران بەپێی بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و ئەم هەڵمەتەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت.