سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021ی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، 353 پێشێلکاری بەرامبەر 260 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، لەو پێشێلکارییانەی تۆمارکراون 189 ڕێگری و جیاکاری، 81 هێرش و لێدان و سووکایەتیکردن، 25 دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا تۆمارکراون.
هەروەها 25 دۆسیەی زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون، 13 هەڕەشەکردن، حەوت شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و یەک حاڵەتی تەقەکردن هەبوون.
هەر بەپێی ئامارەكانی میترۆ، ساڵی رابردوو چوار حاڵەتی ڕۆژنامەنووسی حوکمدراو بەدەر لەیاسای ڕۆژنامەنووسی هەبوون، دوو هەڵکوتانەسەر و داخستنی بارەگای کەناڵیش تۆمارکراون، شەش حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووسانیش بوونیان هەبووە.
میترۆ جگە لە ئامارەكانی ساڵی ڕابردوو، ئاماری ساڵانی 2010 بۆ 2020یشی بڵاوكردەوە، لەو ماوەیەكدا دوو هەزار و 632 حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر دوو هەزار و 165 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی تۆمارکراون.