ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچون بۆ دوو بەڵێنی حکومەت دەکات و لەڕێگای زایەڵەوە دوو بەڵێنەکە دەخاتەڕوو .
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، لە مانگی (٨)ی ساڵی ڕابردوو،سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنیدا کە ئەم زستانە بەرمیلێک نەوت بە نرخی پشتگیریکراو بەسەر هەموو خێزانێکدا دابەش دەکات، نەوتیش بۆ بەکارهێنانە بۆگەرمکردنەوەو سود لێ وەرگرتنی لە سەرمای زستان، بەڵام لە چلەی زستانداین و تا ئێستا تەنها کەمتر لە چواریەکی خێزانەکان وەریانگرتووە، لە هێندێ شارو پارێزگاش کەمتر لە شەش یەکی خێزانەکان وەریانگرتووە! بەوجۆرەش بەردەوام بێت هێندێک خێزان لە هاوینیش سەرەیان نایەت لەوەش خراپتر ئەوەیە کە حکومەت لە شاری دهۆک بۆ هەر بەرمیلێک (٩٠ هەزار دینار) وەردەگرێت لە بری (٥٥ هەزار دینار)! کە پێشتر (٥٥ هەزار)ەکەش ٤٥هەزار دینار)بوو حکومەت ناپرسێت خەڵک بەم سەرمای زستانە چۆن بژی بەتایبەت خێزانەهەژارەکان کە هیچ سەرچاوەیەکی بژێویان نیە.
وتیشی، هەروەها یەکێک لە بەڵێنە زۆر دیارەکانی حکومەت لەسەرەتای ساڵی ڕابردوو، ئەوەبوو کە هەموو سی ڕۆژ جارێک لەماوەی هەفتەیەکدا مووچە دابەش دەکات، بەڵام ئەوە دوو مانگە حکومەت پابەندی ئەم بەڵێنەی خۆی نییەو لە ماوەی زیاتر لە بیست رۆژدا مووچە دابەش دەکات!، ئەمڕۆ ١٦ی ١ی ٢٠٢٢ە، کەچی هێشتا خانەنشینان و ژمارەیەکی زۆر وەزارەت ماون مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو وەرگرن، ئەمەش پشێوی گەورەی بۆ ژیانی فەرمانبەرانو مووچەخۆرانو تەنانەت کەسابەتو بازاڕی هاووڵاتیانیش دروست کردووە. بەپێی زانیاریی دروستی بەردەست، بۆ دابەشکردنی مووچە، حکومەت پێویستی بە دوو سەد ملیارەکەی بەغدا نییە، بەتایبەت داهاتی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتربووە لەوەی بۆ مووچەو خەرجییەکان پێویستە، تەنها داهاتی کارەبای مانگی ڕابردووی وەزارەتی کارەبا بریتیبووە لە (١٤٥ ملیار دینار)کە دوو هێندەی مانگەکانی تری ساڵ بووە، بۆ بەدواداچوونی ئەم گرفتانە، پاڵپشت بە ماددەی (٥٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە نووسراوی ژمارە (ی ١٣٦) لە (١٦ی ١ی ٢٠٢٢) داوامانکرد لە بەرێزان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە شێوەی زارەکی پرسیار ئاراستەی وەزیرانی پەیوەندیدار بکەن و وەڵام بۆ داواو پرسیاری ئێمەو خەڵک وەرگرنەوە، وەزیرانی پەیوەندیدار وەڵام بدەنەوە پارەی ئەم وڵاتە چی لێ دێت؟ بۆچی پابەندی بەڵێنی دابەشکردنی نەوتەکەیان نابن .
سازدانی - کامەران کەریم