لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سلێمانی گفتۆگۆیان له‌باره‌ی كاره‌كانی لیژنه‌ی به‌ خاوه‌كردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی زیاده‌ڕه‌وییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوری شاره‌وانیدا كرد كه‌ به‌پێی یاسای هه‌مواركراوی ژماره (3)ی ساڵی (2019) رێكخراوه‌ و به‌رنامه‌ی داهاتووی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان و لیژنه‌ی باڵا ده‌ستنیشان كرا.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌كان و لێپرسراو و نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سلێمانی تایبه‌ت به‌ به‌خاوه‌كردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی زیاده‌ڕه‌وییان له‌سه‌ر كراوه‌ كۆبووه‌وه‌.
قائیمقامی سلێمانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند،  ده‌بێت به‌ هه‌موومان كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ بكه‌ین، چونكه‌ له‌لایه‌ك خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ت و داهات نزمه‌كان ده‌كات، له‌لایه‌كیتره‌وه‌ كاره‌كانی حكومه‌ت له‌و بواره‌دا رێك ده‌خات.
وتیشی،  ئه‌م كاره‌ به‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێت و لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م ئاشكرا ده‌كرێت.
هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌ وردی باس له‌و كارانه‌ كرا كه‌ لیژنه‌كان كردویانه‌ له‌ وه‌رگرتنی داواكاری و ئه‌نجامدانی روپێوی، به‌رنامه‌ی كاری داهاتووش بۆ لیژنه‌كان و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دیاری كرا.
یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی 2021ی هه‌مواركراوی ژماره‌ (3)ی ساڵی (2019) تایبه‌ته‌ به‌ خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌ سنوری شاره‌وانییه‌كاندا زیاده‌ڕه‌وییان كراوه‌ته‌سه‌ر.
کامەران کەریم