بەختیار پەنجەیی هونەرمەندی مەهابادی بۆ وەرگرتنی باشترین خەڵاتی فێستیڤاڵی ئەمریکا بەربژێر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەختیار پەنجەیی خەڵکی شاری مەهاباد و ئەکتەری کورتە فیلمی «تلفیق» بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە سێزدەهەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمە سەربەخۆکان و میوزیکی ڤێرجینیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەربژێر کراوە.

 کورتە فیلمی «تلفیق» کە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە لە دەرهێنانی محەمەد تەوریوەریان لە شاری سنە بەرهەم هاتووە.

 محەمەد تەوریوەریان، دەرهێنەری ئەو فیلمەش لە بەشی دەرهێنەرانی ئەو فێستیڤاڵەدا کە لە ۱ تا ۱۲ی مارس بە درووشمی «پشتیوانی لە دەرهێنەرانی نوێ» بەڕێوە دەچێت، بەربژێر کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵات.

 بەختیار پەنجەیی، دەرهێنەر،ئەکتەر و شانۆنامە نووس ساڵی ۱۳٦٥ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە، بڕوانامەی ماستەری ئەدەبیاتی شانۆی لە زانینگەی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران وەرگرتووە.

 ئەو ئەکتەرە کوردە پێشتر خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە فێستیڤاڵی «هۆنگ کۆنگ»ی وڵاتی «چین»ی بۆ هەمان فیلم وەرگرتوە کە ئەو خەڵاتە وەک پێشهاتێکی هونەری بڕواپێکراو بۆ دەرهێنەرانی ئاسیایی لە پێناو ناساندنی بەرهەمەکانیان دەناسرێت.

ناوبراو تاکوو ئێستا لە ۳٥ کورتە فیلم و دوو زنجیرە فیلمی تەلەفزیۆنیدا ڕۆڵی گێڕاوە و زیاتر لە ٤۰ وتاری لە بواری شانۆ و سینەمادا نووسیوە