ناوەڕۆکی پڕۆسێسی دیموکراسی بریتیە لە ململانێی سیاسیی دوو یان چەند لایەنێکی جیاواز، ئەنجامی ململانێکەش بە هەڵبژاردن یەکلایی دەبێتەوە. لێرەدا، بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندەی پڕۆسێسەکە بۆ بەرژەوەندیی گشتی گرنگە، ئەوەندە کێ دەیباتەوە و کێ دەیدۆڕێنێ نا، بەڵام لە هەڵومەرجی ئێستای عێراق و کوردستان بابەتەکە جیاوازە. جیاوازە، چونکە ململانێی دوو هێزی سەرەکی کوردستانی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری توانا و کاریگەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو دەوڵەتێک، کە هێشتا ئامادەنییە دەستورەکەی خۆی جێبەجێ بکا، کەم و پەرشوبڵا دەکاتەوە.
ئایا کامیان دەیبەنەوە؟
-دەکرا، یاخود هێشتاش دەکرێ بڵێین هەردووکیان و هەموومان، بەڵام کە ئەوە نایتە دی، ئەبێ بپرسین: بۆچی؟ لە وەڵامدا دەڵێم:
یەکەم: بەشداریکردنی پارتی لە هاوپەیمانی صەدر – حەلبوسی بەجیا هۆکارێکە.
دووەم: گۆڕینی سیاسەتی پارتی بە ئاراستەی پێکهێنانی کابینەی زۆرینەی عێراقچێتی بە پێچەوانەی هەڵوێستی ڕابردووی هۆکارێکی دیکەیە.
سێیەم: هەوڵدان بۆ ملپێکەچکردن و بێ ئیرادەکردنی یەکێتیەکی کاریگەر، کە چەندین ساڵە هاوپەیمانیەتی و دەشزانێ هەژموون و کاریگەری ئەو هێزە بە ژمارەی کورسیەکانی نا خەملێندرێ، هۆکارێکی ترە.
کەواتە، ئێستا یەکێتی و پارتی دەچنە مەیدانی هەڵبژاردن. بۆ یەکێتی دوو شت لە بردنەوەی پۆستەکە گرنگترن:
- فێڵی لێنەکرا و هەر بەخاوەنی ویست و بڕیاری خۆی مایەوە.
یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەتی نیشتیمانیی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی ئامادەیی رێککەوتن بوو، بە هەمان هەڵوێست و لە هەمان ڕوانگەشەوە ململانێی خۆی دەکا.
ئێمە هەوڵی سەرخستنی کاندیدەکەی خۆمان دەدەین، بەڵام لە ئێستاوە براوەین، چونکە لە بنەڕەتەوە شەڕەكەمان تەنیا لەسەر پۆستەكە نییە، بەڵكۆ شەری ئیرادە و سەروەری یەكێتییە لەسەر هەمان بڕیار و  هەڵوێستی جارانی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی